kmmk: دووی ڕەزبەری ساڵی ۹۷ی هەتاوی، کازم ئیمان زادە، بەرپرس وسەرنووسەریی ماڵپەڕی هەواڵگری هیوا نیووز بە وەرگرتنی نامەیەکی بانگهێشت، لەلایەن لقی یەکی دادگای سزاکانی کۆماری ئیسلامی لەشاری ســـــــنە، دەبێت لە ماوەی دە ڕۆژدا لەو دادگایە ئامادە بێت.
بەپێی کوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە بە گەڵاڵەکردنی سکاڵایەک لەلایەن سپای پاسداران وناوەندنی هەڵبژاردنەکانی بەربژێر ڕەئیسی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ ودەلەسە لەمەڕ ڕشکردنی دەسەڵات، دەربڕینی بابەتگەلێکی دوور لە ڕاستی دژبە وڵات بۆ ئاڵۆزکانی بیروڕای گشتی، بڵاوکردنەەی ناوەڕۆک و کرووکی پرسەکان بۆ نانەوەی کێشەی ئیتنیکی، ڕەگەزی و ئایینی، سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی ئیسلام و (اهل بیت) بانگهێشتی لقی یەکی دادگای سزاکان لەشاری سنە بۆ دواین بەرگری لەخۆی کراوە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا دەڵێ: «کازم ئیمان زادە، ۲۵ ی گوڵانی ساڵی ۹۶ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆماوەی دوو ڕۆژ دەسبەسەر وبەدانانی بارمتەی ۸۰ ملوێن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو ۲۲ی خەزەڵوەر لە ڕێوڕەسمی پێداچوونەۆەی لقی ۱۰۲ی دادگای سزاکان بەشداری کرد وداوای لە دادگا کردبوو بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکەی لێژنەی دادوەری تایبەت بە ڕاگەیەندنەکان پێک بهێنرێ. لقی پێوەندیدار لەوڵامی ئەم داواکارییە وتبووی، پێک هێنانی لێژنەی دادوەری لەبواری کاری ئەم لقە نییە.»
بەکوتەی ئەم سەرچاوەیە: «پاش دواین بەرگری بەڕێز ئیمان زادە لەم محاکمەیە، شیمانە دەکرێ ڕێوڕەسمی کارلەسەر دۆسیەکەی بەئامادە بوونی لێژنەی دادوەری لە دادگابێتە ئاراوە.»
بنکەی هەواڵگری «هیوا نیووز» لە ڕەشەممەی ۱۳۹۴ بە مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ئێڕشادی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامانجی هەبوونی تریبوونێک لەهەمبەر گەیاندنی دەنگی سەربەخۆ و بڵاوکردنەوەی ڕاو بۆچوون و ڕوانگەی ڕۆژنامەوانان وچالاکانی مەدەنی کوردستان دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان