راگەیاندنی نەهێنی/ هەڕەشە بۆ سەر دوکاندارانی شاری سنە بە بۆنەی داخستنی بازاڕی ئەم شارە

KMMK:
ئەمڕۆ چوار شەممە ۴ی رەزبەر، پارێزگاری کۆماری ئیسلامی لە سنە بە ناردنی نامەیەکی نەهێنی بە ناوەرۆکی ” هاوکاری و یەکگرتن دژ بە تێرۆریسم” داوای لە سەرجەم ناوەند و دەزگا حکومیەکان کردووە بە کەڵک وەرگرتن لە هەمو کەرەستەیەکی حکومی بەیانی ئەمڕۆ، چوار شەممە ۴ی رەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی بازاڕی ئەم شارە دابخەن و داوابکرێت لە هەمو کاسبکار و دوکاندارێکی ئەم شارە بە ئامانجی دژایەتی لەگەڵ هێرشی تیرۆریستی شاری اهواز لە مزگەوتی گشتی ئەم شارە کۆ ببنەوە.

بە وتەی khrn: پارێزگاری کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سنە ” کوردستان” بە راگەیاندنی ئەم نامە نەهێنییە و بە ئامانجی ” پاراستنی ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی و رێز گرتن لە شەهیدانی هێرشی تیرۆریستی ئەهواز ” داوا لە ناوەند و دەزگا حکومیەکان کراوە کاسبکاران و دوکاندارانی شاری سنە ملکەژ بکەن کە لە کاتژمێری ۱۰ بۆ ۱۲ی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ بازاڕ دابخەن و هەروەها لە مەراسمێکدا کە لە کاتی دابین کراودا لە مزگەوتی گشتی ئەم شارە بەڕێوە دەچێت ئامادە ببن.

لە نامەکەدا داوا لە سەرجەم ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازیەکان کراوە بە لەبەر چاو گرتنی مانگرتنی گشتی کە رۆژی چوار شەممە ۲۱ی خەرمانان، لەسەر داواکاری حزبە کوردستانیەکان و چالاکانی مەدەنی دژ بە لەسێدارە دانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد و هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی حزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردستانیەکان لە باشوری کوردستان بەڕێوە چوو، مانگرتنی ئەمڕۆ گشتی تر و یەکگرتووتر کە وڵامێک دەبێت بۆ حزبە کوردستانیەکان، بەڕێوە بچێت،
بە پێی راپۆرتگەلی گەیشتوو، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پاش راگەیاندنی پارێزگاریی حکومەت لە سنە، هێزی ئینتزامی و ئیدارەی ئەماکن لەم شارە بە هەڕەشە و بە زۆرەملی هەوڵی داخستنی ناوەندە بازەرگانیەکانیان داوە و کاسبکاران و دوکاندارانی تر هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە ئەگەری دانەخستنی دوکانەکانیان بەرەوڕوی یاسا دەبنەوە. ئەم هێزانە بە بێ ئاگادار کردنەوەی کاسبکاران و بازاڕیان، لافیتەیان لە سەر دەرگای ناوەندە بازەرگانیەکان داوە کە ناڕەزایەتی دوکانداران و شارۆمەندانی خەڵکی سنەی لێ کەوتوەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان