ترسی حکوومەت لە یەکگرتووی گەلی کورد، بوو بەهۆی دەسبەسەری چالاکانی کورد

kmmk: پاش داخۆیانی حیزبەکان و دامەزراوە مەدەنی و مافی مرۆییە کوردستانییەکان، ئەوڕۆ ۲۱ی خەرمانانی ۱۳۹۷ لە یەکیەتییەکی یەک پارچە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەنگ و هاوڕەنگ مانگرتنی گشتیان دژ بە هەوڵە قڕێژەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە گەلی کورد دەست پێکرد.

بەگوێرەی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکان لەشارەکانی سنە ومەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان هەڕەشەیان لەخەڵک کردووە کە دەست لە مانگرتن هەڵبگرن و دوکانەکانیان بکەنەوە.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەوڵە بەشێوەی گشتگیر پشتیوانیان لە داخۆیانی مانگرتن کردووە ولە مانگرتن دان.

بەپێی ئەو هەواڵەی لە مەریوانەوە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارەدا، سێ چالاکی ناسراوی کورد بەناوەکانی “سۆران دانشوەر،ئارام فەتحی و موسلیم بەهرامی”یان دەسبەسەر کردووە.

بەکوتەی سەرچاوەیەکی باوڕپێکراو یەکێک لەم چالاکە مەدەنیانە لەگەڵ بنەماڵەکەی لەڕێی پێوەندی تلەفونییەوە باسی لە دەسبەسەری خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان