بەرگری لە ئازاد بونی سامان نەسیم و نوێ کردنەوەی دۆسیەی ناوبراو

KMMK:سامان نەسیم بەندکراوی سیاسی کورد بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ کە لە مانگی رێبەندانی ساڵی پار سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراو لە دادگەی پێداچونەوە ی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ  سزای لەسێدارە دانی بوو بە پێنج ساڵ بەند کردن. سەرەڕای بەسەر چونی ماوەی پێنج ساڵ لە بەند کردنی، بەرگری لە ئازاد کردنی ناوبراو دەکرێت.

بە پێی هەواڵەکە: سامان نەسیم کە ماوەی پێنج ساڵ بەسەر بەندکردنیدا تێدەپەڕێت و بە لەبەرچاوگرتنی مانەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە بەندیخانە، ئێستە دەبوا ئازاد بکرایەت، بەڵام لەسەر سکاڵای هەندێک لە ئەندامانی سپای پاسداران و بنەماڵەکانیان بەرەو روی دۆسیەیەکی نوێ بوەتەوە و بەرگری لە ئازاد بونی دەکرێت.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە: سامان نەسیم لەدایک بوی ۲۶ی سەرماوەزی ۱۳۷۲ی هەتاویە، ناوبراو لە مانگی خاکەلێوەی ۹۲ و لە تەمەنی ۱۹ ساڵاندا ( دوو ساڵ پاش دەست بەسەر کردنی) لە لایەن دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەهاباد، بە تۆمەتگەلی وەک شەڕ لەدژی ئیسلام و تاوانبار لە سەر زەوی بە شێوەی هەوڵی چەکداری و ئەندام بون لە یەکێک لە حزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان و بە تاوانی ئەگەری ئەنجام دانی تاوان لە تەمەنی ۱۷ ساڵاندا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزای لە لایەن دەستەی باڵای وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کرا.
سامان نەسیم لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پەیوەندی لەگەڵ پارێزەری خۆی نەبووە و مافی بونی پارێزەی نەدراوەتێ. ناوبراو درکاندویەتی کە لە ماوەی دەست بەسەر بون و لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە دراوە و دانپیانانەکانی لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا بووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان