KMMK: ئەنوەر عەرەب، چیرۆکنووس و وەرگێڕی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی سەربە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج ڕۆژە دەستگیرکراوە و بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە.
رۆژی ۱۲ی پوشپەڕ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەنوەر عەرەب لە شاری بۆکان و دەستگیریان کردووە، لەو ڕۆژەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی ئەو نووسەرە کوردە لە بەردەستدا نییە.
ئەنوەر عەرەب، چیرۆکنووس و وەرگێڕە، ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری بۆکانە و کۆمەڵە چیرۆکێک بەناوی “لە چاوەڕوانی پیاوێکی کراس زەردی گوڵ گوڵ”ی بڵاوکردووەتەوە.
لە چالاکییە مەدەنییەکان و ژینگەییەکاندا بەشداری کردووە، بەتایبەتی لە کاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی پاری کرماشان یەکێک لەو کەسانە بووە کە هاوکاری و یارمەتیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کۆکردووەتەوە.
عەرەب دەیان چیرۆکی لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی سۆرانی.هەروەها هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی تەلارسازیی زانکۆی تەبرێزی ئێرانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان