كۆمهڵهی مافی مرۆڤی كوردستان: خوێندکارانی زانکۆ پەیام نووری مەریوان بۆ یادی شهشهمین ساڵیادی له سێدارهدانی شههیدانی ۱۹ی گوڵان بهیاننامهیان دهركرد
مهتنی بهیاننامهكه :
(( بۆ ۱۹ی گوڵان، شەشەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی مامۆستای کورد: فەرزاد کەمانگەر و چوار هاوڕێی تری ))
نیشتمانەکەم؛ جاران تەنیا دوژمنان دەیانویست بتکوژن، ئێستا هەم یاران و نەیاران، جاران تەنیا دووپشک و مارەکان دەیانویست پێتەوە بدەن، ئێستا هەم گوڵ و هەم خونچە…
خوێندکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و مەریوان؛
ڕۆژی ۱۹ی گوڵان، شەشەمین ساڵیادی شەهیدکردنی مامۆستای نەمری کورد: “فەرزاد کەمانگەر”ە کە لەگەڵ چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی: (شیرین عەلەم هوویی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەرییان و مێهدی ئیسلامییان)، لە بەندیخانەی “ئێوین”ی تاران، لە سێدارە دران.
ڕۆژی ۱۹ی گوڵان، لە حاڵێکدا کە ڕۆژی ڕەشپۆش بوونی هەموو کوردستانە، لە مەریوان و لە تالاری کانی، کۆنسێرتێک بۆ گۆرانیبێژی کورد: “کەماڵ گوڵچین”، ڕێکخراوە و ئەمە سووکایەتییەکی گەورەیە بە ڕێبازی ئەو شەهیدە پلەبەرزانەی کە لە ڕێگەی گەل و کوردستان لە سێدارە دران. بۆچی دەبێ لە ڕۆژێکی وەهادا، کە ڕۆژی ماتەمێنیی کوردانە، بەرنامەیەکی وەها بۆ شایی و هەڵپەڕین بەڕێوەبچێت؟
ئێمە وەکوو خوێندکارانی زانکۆ “پەیام نوور”ی مەریوان، ڕۆژی ۱۹ی گوڵان، کە ڕۆژی لە سێدارەدانی مرۆڤایەتییە، بە ڕۆژی ماتەمێنیی هەموو کوردستان دەزانین و وەکوو ڕۆژی “مامۆستای کورد” دەناسین و داوا لە خەڵکی بەڕێزی مەریوان دەکەین کە لەو ڕۆژەدا بەشداری لە کۆنسێرتی “کەماڵ گوڵچین” نەکەن و ئەم کردەوەیەی دەسەڵاتە شەرمەزار بکەن، کە دەیانەوێت بیری خەڵک بەرەو شوێنگەلێک ڕابکیشن، کە لە ڕۆژانی شەهیدانی خۆیاندا، شایی و هەڵپەڕکێ بکەن.
هەروەها ئێمە خوێندکارانی زانکۆی پەیامنووری مەریوان، لە ڕۆژی ۱۹ی گوڵاندا، بە بەشداری نەکردن لە پۆلەکانی زانکۆدا، مانگرتنێکی گشتی ڕادەگەیەنین و بەم مانگرتنە پیشان دەدەین کە ڕێبازی “کەمانگەر”ەکان بەردەوامە. ئێمە سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ یادی هەموو ئیعدامکراوانی سیاسیی کورد.
لە کۆتاییدا دەڵێین: (( سێدارە، سووکایەتییە بە مرۆڤایەتی. سێدارە دەنگ ناخنکێنێت. فەرزاد کەمانگەر لە سێدارە درا، بەڵام هەزاران فەرزادی تر سەری هەڵهێنا… ))
07/05/2016