۷ی پوشپەڕ /سەردەشت لە دوکەڵی کیمیایی و سەودایی سیاسیدا هەناسەی لێبڕاو دوجار خنکاوە

kmmk

لەقرچەی گەرمای ڕۆژی ۷ی پوشپەڕی ۱۳٦٦ی هەتاوییدا ژەهرێک و دوکەڵێک و ناڵەێیکی کوشەندە تێکەڵ بەگڕی گەرمای هاوین کراو شارێکی ۱٥ هەزارکەسی ژاراوی کرا.

دوو ووڵاتی ئێران و عیراق هیلاک لە شەڕی ۷ ساڵە و بێ ئاکام هەلاهەلایان بوو ، کورد گوتەنی ملیان لە چەقۆ دەساوی و کێ لە کورد باشتر بۆ جینوسایدکردن و تۆقاندنی بەرانبەر .

سەردەشت و حەلەبچە دوو شاری کوردەواری دوو زامی ناسۆڕ و دوو چارەنوسی جیاواز .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وەک بیرهێناونەوێیکی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە کورتەێیک لە وتوێژێک لە هەواڵنێری مێهر لە گەڵ عوسمان موزەین ، پارێزەری دادگا و لێپرساوی پێشوی کومەیتەی ئەنجومەنی بەرگری لە مافەکانی برینداربووانی کیمیایی شاری سەردەشت لێردا بەهەندێ پەراوێزەوە دێنینەوە :

هەندێ ئامار لە لایەن بەپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سەر چەندایەتی برینداربووان و گیان لەدەست دراوان کە ئەمە جۆرێک پرسیار دروست دەکات ئاخۆ بەڕاستی بکەری جینایەتی سەردەشت ئاخۆ کۆماری ئیسلامی بێت یان حکومەتی بەعسی ڕووخاو .

چونکە کۆماری ئیسلامی خۆی لە بڕی قەرەبووکرنەوەی دوای شەڕ بوارد و ئەو ئامارانەی کەدراون بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان زۆر کەمتر بوون لە ئامارەکانی سەرەتایی . با لەژێرەوە هەندێ بەراورد بکەین .

ساڵی ۱۳٦٦ سەردەشت ۱۲ هەزار تا ۱٥ هەزار کەس دانیشتوی بوە .

ساڵی دواتر و لە ساڵڕۆژی کیمیابارانی سەردەشت دا فەرمانداری شار گوتی ۱۰ هەزار کەس لەو کیمیابارانەدا بونە قوربانی .

ئامارێک کە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران داویەتی بە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ٤٦۰۰ چوارهەزاروشەشسە کەس بەناو وناسناوی تەواوە ڕادەست کرابوو . “دیارە ئەم ئامارە هەندێکیان گیانیان لە دەست داوە و هەندێکیان برینداری کیمیایی بوون” .

لە شوێنێکی تردا هاشمی ڕەفسەنجانی لە ساڵی ۱۳٨۱ی هەتاوییدا لە خوتبەی ڕۆژی هەینیدا دان بە قوربانی بوونی هەشت هەزار و بیست و چوار ٨۰۲٤ کەسدا دەنێت .

ئەم پارادۆکسانە لە ئامارەکاندا هەروا درێژەی هەیە …

عوسمان موزەین دەڵێت :لە ساڵی ۷٨ دا (۱۲ ساڵ دوای ڕووداوەکەی ساڵی ٦٦ ) ئەنجومەنێک بۆ بەرگری لە بریندارانی کیمیایی سەردەشت سازکراو و دوای دووساڵ بەسەر کارەساتەکەدا لێژنەپێکهێنراوە بزانن کە ڕێژەی برینی بریندارەکان چەندن ؟!

بەو حسابە دوای ۱٤ ساڵ لێژنەی پێکهاتو تەنیا بڕی ۱٤۰۰ کەس لە برینداران وەک برینداری کیمیایی ئەو کارەساتە دیاری دەکات کە تەنیا ۲۰% قوربانیانی دەگرتەوە و ئیستاش تەنیا بە ٤۰۰ کەس لەو بریندارانە (٥٪)موچەویارمەتی ماڵی دەدرێت .

هەر لەو ڕاپورتەدا ئەو پارێزەرە دەڵێت :تەنیا ٥ لە سەدی قوربانیان سەروی ۲٥ لە سەدی بریندارییان بۆ لە بەرچاو گیراواوە و موچەیان هەیە ئیتر موچە و مافی زیاتر لە ٦ هەزار کەسەکەی تر لە لایەن بەرپرسانی بونیادی شەهید و جانبازەوە دەخورێت و ژێر پێ دەکرێت .

لە کۆتاییدا هەرچەن تاجرێکی هولەندی وەک تاوانبار و فرۆشیاری مادەکیمیایەکان بە حکومەت بەعس بەناوی “فرانس فان آنرات ” سزای ۱۷ ساڵ زیندانی بۆ دەردەکرێت/ساڵی ٢٠٠٧/ بەڵام پرسیار لێرەدایە بۆچی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ لە چەندایەتی برینداران و قوربانییانی کیمیابارانی سەردەشت کەم دەکاتەوە ؟

بۆچی باسی قەرەبوکردنەوە بۆ قوربانیان نەکراوە ؟ئەگەر کراوە ئەو بودجەیە چی لێهاتوە ؟

بۆچی کەیسی کیمیابارانی سەردەشت وەک دەستەخوشکی هەڵبجە دەنگدانەوەی جیهانی و ناوخۆیی نەبوو ؟

ئەمانەوە هەزاران پرسیاریتر ئاراستەی ڕای جیهانی ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکانی جیهانی دەکرێت و لە دوای ۳۱ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە دا ئەوەی ڕاستی بێت شەقام و مێدیای کوردیش زۆر لاواز دەرکەوتوون لەو بوارەدا .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان