زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد نامەیەکی کراوەی ئاراستەی رای گشتی کرد

KMMK:زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد کە سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە، سەبارەت بە چەواشەکاری و درۆی راگەیاندنەکان و حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر بارودۆخی ناوبراو نامەەکی کراوەی ئاراستەی رای گشتی کرد.

زەینەب جەلالیان لە نامەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە: ” کەس ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت ئیرادەی ئەو تێک بشکێنێت”. دەقی نامەی ئاراستەکراوی ناوبراو لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو دەکرێتەوە کە بەم شێوەیە.

زەینەب جەلالیان: ١١ ساڵە لە زیندانەکانی حکومەتی ئێراندام و سەرەڕای هەموو نەخۆشییەکانم، داوام نەکردووە چارەسەری پزیشکیم بۆ بکەن، سەرەتا چاوەکانم و دواتریش گورچیلە و سیەکانم تووشی کێشە بوون، دواتریش تووشی گرفتی پەستانی خوێن بووم، دوای ئەوەش ددانەکانم خراپ بوون، سێ مانگە داوای چارەسەری پزیشکیم کردووە بەڵام بەرپرسانی زیندانەکە هیچ کارێکیان نەکردووە، وەک زیندانییەکی سیاسیی لە هەموو مافەکانم بێبەش کراوم، وەک دایکێک کە بە لایەلایە منداڵەکەی ئارام دەکاتەوە، ئازارەکانم هێورکردووەتەوە، چونکە باش دەمزانی ئەگەر داوای چارەسەری بکەم وەڵامم نادەنەوە، وەکچۆن ئێستا نایدەنەوە.
ئەم حکومەتە چەواشەکار و درۆزنە، نەیانناردووم بۆ چارەسەریی پزیشکی، بەڵام ڕاگەیەندنەکانیان بەدرۆ بڵاویانکردووەتەوە کە زەینەب جەلالیان براوە بۆ نەخۆشخانە، ئەم حکومەتە تەنانەت دەمارێکی مرۆڤایەتیشی تێدانییە، ئەو ڤیدیۆیانەی لە ساڵی ٢٠٠٨دا گرتبوویان بەکاریانهێناوە و بڵاویانکردووەتەوە، بەم شێوەیە هەلیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بخەڵەتێنن.
وەک جەلادێک کە دەیەوێت سەرم ببڕێت و بەزەردەخەنەیەکەوە داوام لێدەکات هەستمە سەر پێ و پیاسە بکەم لە سەرم وەستاون، ئەم هەڵسوکەوتە قێزەوەنە چییە کە ئەو جەلادانە لەگەڵ منی دەکەن؟ ئایا ئەگەر کەسێک وەک ئەو جەلادانە بیر نەکاتەوە دەبێت بمرێت یان لە زینداندا بڕزێت؟ ئەم مەنتقە ڕەشە بە واتای ڕەتکردنەوەی سروشتە، ئایا ئەگەر کەسێک وەک ئێوەی جەلادان تینووی خوێن نەبێت دەبێت بمرێت؟

لە نامەکەی زەینەب جەلالیاندا ئەوەش هاتووە: ئەی جەلادەکان! گوێتان لە دەنگی ئازادیخوازیم لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە نییە؟ با خیاڵتان ئاسوودە بکەم، من بە جەستەمەوە تێکۆشانم نەکردووە کە ئێستا بۆی بە داخ و خەمەوە بم، کەسێکی ئازادە بە بیر و هزرییەوە تێدەکۆشێت نەک بە جەستەی، خۆشبەخەتانە ئێوەی جەلادانیش هەرگیز ناتوانن بیر و هزری کەس زیندانیی بکەن.

لەکۆتاییدا زەینەب جەلالیان نووسییەتی: مردن و ئازارچەشتن لە ڕێگای ئازادیدا بۆ من شیرینە، لە ڕاستیدا ئەو پاچەی هەڵتانگرتووە ڕیشەکانی خۆتان دەبڕێتەوە، چارەنووسی هەموو هەوڵەکانتان شکستە، هیچ کەس و هیچ شتێک ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت ڕێگری لە تێکۆشانم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانم بکات، بەتەنیا لە هەمووان بەهێزترم و بەردەوام دەبم لەسەر ئەو ڕێبازە.

دۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیان، ژنە زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری خۆیی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناجێگیرە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگری دەکرێت لەوەی بنێردرێتە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی و ساڵی پار بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕێگریکردن لە چارەسەریکردن بۆ نەخۆشییەکانی، دەستی دابووە مانگرتن لە بەکارهێنانی دەرمانی چارەسەریی، ئەو مانگرتنەی بەردەوامە، بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی تەندروستیی ناجێگیرتر دەبێت.

زەینەب جەلالیان لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٢ ی گوندی دیم قشڵاخی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-یە، لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە کرماشان لە لایەن هیزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوەو تا ئێستا لە زینداندا ماوەتەوە.

زەینەب بە تومەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کۆردستان-پژاک، ئەشکەنجە درا و لە دادگاییەکی چەند خۆلەکیدا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

جێگای ئاماژەیە، کە لە ژێر کاریگەری ڕایگشتی و هەوڵدانی ناوەندە جیاوازەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، سزای لە سێدارەدانی زەینەب بۆ زیندانی تاهەتایی گوڕدرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان