بانگهێشت کردنی بنەماڵەی عوسمان ئیسمائیلی چالاکی کرێکاری کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

kmmk: رۆژی یەکشەممە ۳۰ی جۆزەردانی ئەمساڵ، هاوژین و دوو منداڵی چالاکی کرێکاری عوسمان ئیسمائیلی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز بانگهێشت کران و خرانە ژێر لێکۆڵینەوە.

بە پێی وتەی راپۆرتێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: «خەبات رەحیمی هاوژینی ئەم چالاکە کرێکاریە و ئارمان و غەزاڵ ئیسماییلی بە تۆمەتی وێنەگرتن لە رێورەسمی رۆژی کرێکاران لە شاری سەقز بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران و خرانە ژێر لێکۆڵینەوە.

لەم بانگهێشتەدا لە ئامانجی ئەم شارۆمەندانە سەبارەت بە وێنە گرتن لە رێو رەسمی رۆژی کرێکار لێکۆڵینەوە کراوە و لە ئاکەمدا بنەماڵەی عوسمان ئیسمائیلی خراونەتە ژێر گوشار تاکو بەڵێن نامەیەک سەبارەت بە دوپات نەکردنەوەی بەشدار بون لە رێوڕەسمی رۆژی کرێکار و رۆژی ژنان لە داهاتودا واژوو بکەن بەڵام بنەماڵەی ئیسمائیلی ملکەچی واژوکردنی بەڵێن نامەکە نابن.

جێگای ئاماژەیە: عوسمان ئیسمائیلی چالاکی کرێکاری کورد لە رێوڕەسمی رۆژی کرێکار لە شاری سەقز بەدەستی هێزە ئەمنیەکان دەست بەسەر کرا و بە تۆمەتی هەوڵ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و تێکدانی یەکسانی گشتی لە لقی چواری دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز موحاکمە کرا و لە ۱۷ی گوڵان بەدانانی بارمتەی ۳۰ ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

ئەم چالاکە کرێکاریە پێشتریش لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی پێشو قۆلبەست کرا و قەراری دوو مانگ بەندکردنی لەسەر دەر کرا و پاش بەسەر بردنی قەرارەکە لە ۲۷ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە دۆسیە سازیەکی نوێدا بە تۆمەتی ” پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت بە شێوەی وتووێژ لەگەڵ راگەیاندنە بێگانەکان ” بۆجارێکی تر خرایە بەردەم دادگاوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان