مانگرتنی ناڕەزایی دەربڕینی بنەماڵەیەکی کۆچبەری کورد لە ئەنقەرە

KMMK: ئەوڕۆ چواردەی جۆزردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، شارام «ڕەحیم» ئەلیاسی کۆچبەری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناڕەزایەتی دژ بە وڵامنەدانەوەی UN لەهەمبەر دیار کردنی وڵاتی سێیەم وەکوو شوێنی نیشتەجێ بوون، لەبەرانبەر نووسینگەی ئەم ڕێخراویە لەشاری ئەنقەرە دەستیان دایە مانگرتن.

شارام ئەلیاسی لەپێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕەوشی خۆی و بنەماڵەکەی بەم شێوەیە هێنایە بەرباس: «ماوەی چوارساڵ ونیو لەکۆچم بۆ تورکیا تێپەڕیوە و هەروەها ۳ ساڵیش لەوەرگرتنی پەنابەریم لەلایەن نووسینگەی کومیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەرباز دەبێ. ساڵی ۲۰۱۶ی زایینی لەلایەن un وڵاتی سێیەم بۆشوێنی نیشتەجێبوونم دیاری کرا، بەڵام ناوێک لەوڵاتەکە نەبرابوو، هەنووکە بۆ ڕوونبوونەوی ڕەوشت ودیاری کردنی وڵای سێیەم، لەگەڵ هاوژینەکەم (لەیلا ڕاوەند) وهەروەها دووکچی منداڵم سارە (دووساڵان) و سەدەف (دەساڵان) لەسەرلەبەیانی ئەمڕۆوە لەبەرانبەر کومیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئەنقەرە دەستمان داوەتە مانگرتن.»

شارام لەدرێژەی قسەکانی گوتی؛ «ماوەی ۶ ساڵ لەژیانم لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێڤین، ڕەجایی شار ومەریوان تێپەڕاند وبەهۆی پشتگیری بنەماڵە هەرگیز تووشی کێشەی لەم چەشنە نەهاتم، هەنووکە بۆدابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لەگەڵ کێشەی زۆری ئابووری ڕووبەڕوو بوومەتەوە، ومنداڵەکانم گرانترین دۆخ تێدەپەڕێنن.»

ئەم پەنابەرە کوردە گوتی: «لەگەڵ بنەماڵەکەم تا ڕوون بوونەوەی چارەنووسمان لەبەرانبەر UN لەمانگرتن دەمێنینەوە. چونکە ڕێگەچارەیەکی دیکەمان بۆنەماوەتەوە.»

شارام ئەلیاسی لەزیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی نەخۆشیگەلی تایبەت بووە کە پێویستی بەردەوامی بە دەرمان هەیەو بۆدابین کردنی بژێوی ژیانی بنەماڵه تووشی کێشەو قەیرانی جدی بووەتەوە.

لەناوەڕاستی ساڵی‌۲۰۱۴ ڕەوتی وەرگرتنی پەنابەر لە وڵاتەکان بەهۆی زۆربوونی پەنابەران درێژ بوویەوە. پاش کۆچی پەنابەران زۆرینەی وڵاتانی شەڕ بەرکوتوو ویارمەتی وڵاتانی ئەورووپی بەتورکیا بۆ داخستنی‌سنوورەکان، ڕەوشی پەنابەرانێکە ڕێگای یاساییان بۆ نیشتەجێ بوون لەوڵاتانی ئەمن هەڵبژاردووە ئاستەم تر بووە وبەگوتەی هەندێ لە پەنابەران چەندد ساڵێکه کەپڕۆسەی گواستنەوە و دیاری کردنی وڵاتی سێیەم ڕاوەستاوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان