ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ پاش دەساڵ زیندانی لەلایەن ئێرانەوە ڕادەستی سوریا کرایەوە

kmmk: ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ زیندانی سیاسی کورد خەڵکی کۆبانی پترلە دەساڵ زیندانی لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران ڕاپەڕاندووە و ڕادەستی دەوڵەتی سوریا کراوەتەوە.

بەگوێرەی khrn: ڕۆژی ۲۸ی گوڵان هاوکات لەگەڵ ئازادی ئەم زیندانییە سیاسییەی کورد، ناوبراو گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لەناوەندە ئەمنییەتییەکانی سپا لە دەورووبەری فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لەتاران و پاش چەندد ڕۆژ ڕاگیران، ڕۆژی چوارشەممە ۲ی جۆزەردان بە فڕۆکەیەک کە لەتارانەوە بۆ دیمەشق دەچوو ڕادەستی دەوڵەتی سوریا کراوەتەوە.

ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ، هاوڵاتی خەڵکی کۆبانی هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای کوردستانە کەبەهاری ساڵی ۸۷ لەدەورووبەری یەکێک لەگوندەکانی شاری ماکۆ لەکاتێکدا بەگرانی بریندار کرابوو، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر دەکرێت. ناوبراو سەرەڕای پێویستی زۆری بە چارەسەری، بەڵام بۆ لێکۆڵینەوە ڕاگواسترا بۆگرتووخانەی ئەمنییەتی سپا و بەتۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. لەماوەی لێکۆڵینەوەدا لەدەستڕاگەیشتنی بەهەر چەشنە چارەسەرییەکی پزیشکی بێبەری دەکرێت.

پاش چەندد مانگ ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری خۆی بەتۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پ.ک.ک) ئێعدامی بەسەردا دەسەپێنرێ. لەدوای ناڕەزایەتی بەو حوکمە، حوکمی ئێعدامەکەی دادەشکێ بۆ دە ساڵ زیندان لە مەنفا بۆ زیندانی قەزوین.

ئەم زیندانییە سیاسییە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژبە کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندان بەداواکارییەکەی لەهەمبەر پێڕاگەیشتنی پزیشکی لەکاتی دەسبەسەری لەساڵی ۱۳۸۷ تا ئازادی ۶جار دەستی دابوویە مانگرتن لەخواردن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان