سەپاندنی سزای زیندان بەسەر دوو چالاکی کورددا

KMMK: سەرەتای مانگی گوڵانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویی، دو چالاکی ژینگەیی کورد لە لایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران بە زیندانی کردن سزا دران.

بە پێ ڕاپۆرتی ڕاپۆرتنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ٥ی مانگی گوڵانی ۱۳۹۷ لە لایەن دادگای شۆرشی ئیسلامی ئێران لە ورمێ «حامید سپێهری» بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ساڵێک زیندانی و «جەعفەر ئەمینی» بە هەمان تۆمەت بە شەش مانگ زیندانی کردن سزا دران.

ئەم دوو چالاکوانەی کورد ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەیی «وەڵات» ی شاری بۆکان، ۲۳ ی ڕەشەمێ ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارەدا دوا بە دوای کۆبوونەوی ناڕەزایەتی دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، دەست بەسەر دەکرێن و دوای دوو مانگ بە دانانی ٥۰ ملیۆن تمەن بارمتە بۆ هەر یەک لەم چالاکانە بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد دەکرێن.

شایانی باسە پێشتر چەند نەفەر لە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە بیانوو وتۆمەتی بێ بنەما دەستگیر کراون و یەک لە قۆڵپچ کراوان حوکمی زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو شێوەیەک کەشێکی نالەباری ئەمنی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاندوە وبەرپەرچی هەر چەشنە چالاکێکی مەدەنی و سیاسی بە تۆندترین شێوە دەداتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان