شایان فەرەجی چاوێکی لەدەست داوە و ئەگەری کوێربوونی چاوەکەی دیکەیشی لەئارادایە

kmmk: ڕۆژی ۲۲ی گوڵانی ۱۳۹۷ی هەتاوی لەگوندی ژنێن سەر بە سەوڵاوای مەریوان ئەو منداڵە ۱۲ساڵ تەمەنەی کە بەهۆی تەقینەوەی مین هەردوو دەستی لەدەست دابوو ئەوڕۆ بەهۆی ئەو پریشکانەی کە کەوتبوونە نێو چاوەکانییەوە چاوێکی لە دەست داو ئەگەری ئەوە هەیە چاوەکەی دیکەیشی لەدەست بدات.

بەگوێرەی هەواڵەکە ناوبراو جگە لەوەی هەردوو دەست وچاوەکانی لەدەست داوە تەنانەت ئەگەری لەدەست دانی گوێکانیشی لەئارادایە.

جێگەی باسە سەرەڕای ئەوەی ساڵانە بەسەدان کەس لە پیر وگەنج ومنداڵ ،لەژن وپیاو بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کەمئەندام دەبن یان دەکوژرێن و لەهەموو ڕووداوەکانیشدا لەلایەن ناوەندە مافی مرۆڤی وڕێخراوە جیهانییەکانەوە کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکرێت بەم حاڵەیشەوە تائێستە هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ سڕینەوەی تەواوی مینە چێنراوەکان و تەنانەت لەهەندێ شوێنیشدا مینی نوێ دەچێنێ و هەرگزیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێ لەئاست ئەم هەموو پێشێلکاری وکوشت وبڕەی کەلە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان