مەهیار ئەحمەدی چالاکی مەدەنی کورد پاش بانگهێشت، دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ زیندان

kmmk: مەهیار ئەحمەدی چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد ڕۆژی شەممە۲۲ ی گوڵانی ئەمساڵ لەلایەن جێبەجێکاری حوکمەکانی دادگای شۆرشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری سنە بانگهێشت و لەهەمبەر کێشانی حوکمە ۳مانگەکەی گوازرایەوە بۆ زیندان.

بەگوێرەی هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: «دوێنێ مەهیار ئەحمەدی بانگهێشتی ناوەندی جێبەجێکاری دادگاکرا بۆ تێپەڕاندنی ئەو حوکمە تەعزیرییەی بۆی دیاری کرابوو لەلایەن دادگای شۆڕشەوە کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی کۆماری ئیسلامی لەشاری سنە.»

مەهیاری ئەحمەدی دەرچووی بواری کۆمپیۆتەری زانکۆی یەزدانپەناە، ۱۷ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی ئەو ئێدارەیە.

ناوبراو پاش دوومانگ دەسبەسەری و لێکۆڵینەوە لەلایەن دادستانی کۆماری ئیسلامی لەشاری سنە بە دانانی بارمتە ۱۵۰ملوێنی تاکاتی دیاری کردنی حوکمەکەی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەدرێژەدا دەڵێ : “مەهیار ئەحمەدی پاش ئازادی بەشێوەی کاتی، لەلایەن دادوەر سەعیدی دادوەری لقی یەکەی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەشاری سنە محاکمە و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات بە ۳مانگ حوکمی تەعزیری و۳ ساڵ حوکمی هەڵپەسێراو مەحکووم و هەموو چالاکییە مەدەنییەکانی لێ قەدەغە دەکرێ.”

ناوبراو دوێنێ بۆ تێپەڕانی ئەوحوکمە، بانگهێشتی دادگا و ڕاگوێزی زیندانی ناوەندی کۆماری ئیسلامی لەشاری سنە دەکرێ.

مەهیار ئەحمەدی لەگەڵ دایک و خوشکی خۆی ژیان دەکاتو بەهۆی مردنی باوکی بەرپرسایەتی بەخێوکردن وسەرپەرشتی بنەماڵەکەی لە ئەستۆیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــان