kmmk: کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی و سیاسی بۆ ڕزگارکردنی گیانی ڕامین حسێنپەناهی کەمپینێکیان ساز داوە و لە پەیامێکی ڕوو بە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوایی هەوڵدان بۆ لابردنی حوکمی سێدارەی رامین دەکەن. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دەقی راگەیاندراوی ئەو کەمپینە بڵاو دەکاتەوە:
کۆماری ئیسلامی بە پەسەندکردنەوەی سەر لەنوێی حوکمی ئیعدامی ڕامین حوسێن پەناهی، بەنیازی جێبەجێ کردنی بەپەلەی ئەم سزا نامرۆڤانەیەیە.
حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ئەم زیندانیە سیاسییە لەبارەی پەسەندکردنەوەی سەرلە نوێی ئەم سزایە وتی: ئەم بڕیارە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە لقی ۳۹ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم پەسەند کراوە و مەترسی ئیعدامی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە نزیکە.
لەکاتێکدا کە خەڵکی ئێران لە هەموو شوێنێک لەدژی ئەو حکوومەتە، هەژاری و نابەرابەری و کۆمەڵکوژی خەبات دەکەن .
حکوومەتی ئیسلامی ئێران دەیهەوێت بە بەڕێوەبردنی حوکمی چالاکێکی سیاسی، بە خەڵکی ناڕازی، چنگ و ددان نیشان بدات.
بەڵام ئەو سەردەمە تێپەڕبوو کە دەسەڵات بە ئیعدام و سێدارە لەم وڵاتە، هێزی خۆی نیشان بدات و دەنگەکان کپ بکا.
خەڵکی ئێران، کرێکاران و ژنان و هەموو ناڕازییانی ئەو وڵاتە ئیتر بڕیاری خۆیان داوە؛ ئەوان ئەو حکوومەتەیان ناوێ و دژی ژیانێکی پڕ مەینەت و هەژاری و بێ مافی و سەرکوت شەڕ دەکەن.
کەمپەینی ڕزگار کردنی گیانیی ڕامین حوسێن پەناهی ڕایدەگەیەنێت کە ئەو حوکمی ئیعدامه و پەسەندکردنی سەرلە نوێی لە دیوانی حکوومەتی ئیسلامی زۆر گرینگە. ئەمە یەکێکیتر لە زۆردارییەکانی حکوومەت لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە ئێرانە و پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین لە بەرانبەر ئەو تاوانە ڕێکخراوە کە بە مەبەستی ترساندنی خەڵک دەکرێت، دەنگ هەڵبڕین و کارێک بکەین.
ڕامین حوسێن پەناهی، چالاکێکی سیاسییە کە دیلی حکوومەتی ئیسلامیە و ئەو حکومەتە لە درێژەی کوشتن و ئیعدامی هەزاران کەس لە چالاکانی سیاسی لە ۳۹ ساڵی ڕابردوودا، دەیهەوێت ئەویش ئیعدام بکات. لەحاڵێکدا کە چەند ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی کۆتایی پێبێت نەیوێرا چالاکانی سیاسی ئیعدام بکات.
ئێمە داواکارین لە کەمپەینی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و هەموو حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی و هەروەها هەموو خەڵکی قارەمانی ئێران، لە بەرانبەر ئەو حوکمەدا لە هەرشوێنێک کە هەن و بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت ناڕەزایەتی دەربڕن.
ئێمە دەبێ لە سەراسەری ئەم جیهانە دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەرزکەینەوە و کارێک بکەین کە کۆماری ئیسلامی نەوێرێ ڕامین ئیعدام بکات، ئەوەش تەنیا بە هیممەتی ناڕەزایەتی گشتیی و سەراسەری دەکرێت.
لە بەردەم سەفارەتەکانی حکوومەتی ئیسلامی و لە بەردەم بیناکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئورووپایی ناڕەزایەتی دەربڕن، لە ناو شارەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕێکبخەن و ڕایبگەیەنین کە ڕامین نابێت ئیعدام بکرێت، لە درێژەی چالاکییەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە ئێران، بەبڵاوکردنەوەی وێنەی ڕامین، پەیامی ناڕەزایەتی بنێرن و ئەو پەیامانە لە میدیاکاندا بڵاوبکەنەوە.
ئێمە خەڵکی کوردستان لە هەموو شارەکان بانگهێشت دەکەین بۆ مانگرتنی گشتی ئامادەبن، تەنیا بە یەکڕیزی و خەباتێکی پتەو دەتوانین ڕامین ڕزگار بکەین.
کەمپەینی ڕزگار کردنی گیانیی ڕامین حوسێن پەناهی
۲۲ی خاکەلێوەی ۱۳۹۷ی هەتاوی
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان