بریندار بونی چەندین هاووڵاتی باشوری کوردستان بە هۆی بوردمانی تورکیاوە

KMMK:دوێنێ پێنج شەممە ۱۷ی خاکەلێوەی ۱۳۹۷ی هەتاوی لە ناوچەی” چیا دێلە”ی سەر بە “سیدەکان” لە باشوری کوردستان بە هۆی بوردمانی سوپای تورکیاوە دو شارۆمەندی کورد بریندار دەبن و پتر لە ۱۰۰ بنەماڵە ئاوارە دەکرێن.

بە گوێرەی هەواڵەکە: لەو بوردمانانەدا کچێکی تەمەن ۱۲ ساڵان و پیاوێکی تەمەن ۳۰ ساڵان بریندار بوون و زیانێکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد کەوتووە و زۆرکەس بەو هۆیەوە ئاوارە کراون و هەروەها سوپای تورکیا ۱۹ کیلۆمەتر سنورەکانی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و ۱۲ بۆ ۱٤ بارەگای لە ناوچەکە بەنایاسایی دروست کردووە.

حکومەتی تورکیا ساڵانێکی زۆرە بە بیانوی شەڕ لە دژی ( پارتی کرێکارانی کوردستان) سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەبەزێنێت و گوند و دانیشتوانی سڤیلی ناوچەکە بوردومان دەکات کە بەو هۆیەوە تا ئێستە چەندین هاو وڵاتی گیانیان لەدەست داوە و زیانێکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد کەوتووە و هەروەها زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچەکە بە زەختی بوردمان ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ هێشتووە و ئاوارە بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان