رۆژی جیهانی زمانی دایکی/ درێژەی بەرگری لە بەکارهێنانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای رێز گرتن لە رۆژی جیهانی زمانی دایکی، خوازیاری رەخساندنی هەلومەرجێکی بەرابەر و یەکسان بۆ بەکارهێنانی زمانی هەمو نەتەوەکانە لە جوگرافیای ئێستەی ئێران.

پەروەردە بە زمانی دایکی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی تری ژێر دەستەڵاتی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مافی سروشتی گەلان دەزانین. سەپاندنی هەر چەشنە دەست کورت کردنەوە و بێ بەش کردنێک بۆ بەکار هێنانی زمانی دایکی گەلان، شێوازێکی بەرچاوی پێشێلکاری مافی مرۆڤە.

حکومەتەکانی ئێران بەردەوام هەوڵی بنەبڕ کردن یاخود سەپاندنی دەست کورتی و بێبەش کردن لە پەرەسەندنی زمانەکان و کولتوری گەلانی داوە، گەلانی کورد، ئازەری، بەلوچ، عەرەب و هتد لە بواری کولتوری و زمانی لە زمان و کولتوری فەرمی حکومەت دەتوێننەوە چ لە کاتی حکومەتی پەهلەویی و چ لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەردەوام زمانی فارسی وەک تاک زمانی پەروەردە و دەزگایی و … ئیزنی بەکار هێنانی دراوەتێ و زمانگەلی تر قەدەغە کراون.
پەروەردە بە زمانی دایکی و بەکارهێنانی لە ژیانی ئاسایی، کاری رۆژانە، مافی و … گۆڕەپانی یەکانی شارۆمەندان بە زمانگەلی جیاواز بەدی دێنێت و ئەو کولتورە دروست دەکات کە سەرەڕای زۆربونی زمان و کولتوری کەس لەکەسی تر سەر نەبێت هەموان بەرابەر بن.
جیاواز لەمە سەبارەت بە دامودەزگاکان و مافی و… شارۆمەندان بە بەکارهێنانی زمانی دایکی و نەتەوەیی باشتر دەتوانن لەسەر خواست و بیرۆکەی خۆیان بدوێن و لە سەر ماف باشتر بەرگری لە خۆیان بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە پەروەردە بە زمانی دایکی جیاواز لەوەی کە منداڵان دەکەوە هەلومەرجی یەکسان و بەرابەر، دەبێتە هۆی ساکاربون و هەڵخڕاندنی منداڵان، هەروەها سیستەمی پەروەردەی فرە زمانی پێک دێت کە بە گشتی کۆمەڵگا سودی لێ وەر دەگرن.

بە پێی ژمێریاری بڵاو کراوە یەکێک لە هۆکارگەلی واز هێنان لە خوێندنی منداڵان جیاواز لە فارس، پەروەردە بەزمانێک جیاواز لە زمانی دایکیە.

بە پێی سەرژمێری بڵاو کراوەی یونسکۆ، ۲۵ زمان لە جوغرافیای ئێستەی ئێران بەرەوڕوی لەناو چون بونەتەوە، گەر سیاسەتە جیا کەرەوەکانی ئێران درێژەی هەبێت ئەم ترسە زۆرتر دەبێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ئێران دەکات، کە هەوڵی چڕتر بدەن بۆ بەدی هێنانی ئەم مافە سەرەکی و سوروشتیەی خۆیان، ل چالاکانی سیاسی، مدنی و مافی مرۆڤی هەروەها داوا دەکەین سەبارەت بە پەروەردە کردن بە زمانی دایکی چالاکتر بن و بە گەیاندنی زانیاری بە کۆمەڵگا هەوڵ بدەن گۆڕەپانی پەروەردە بە زمانی دایکی بەرفراوانتر بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان