پارادۆکس یاخود هەڵخڵەتاندنی گشتی؟ / خامنەیی: دەتوانن رەخنە لە رێبەر بگرن!

KMMK: عەلی خامنەیی کەسایەتی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران یەک شەممە ۲۹ی رێبەندان، لە وتارێکدا وتی کە «رەخنەی کۆمەڵگا بەتەنیا تایبەت بە دەوڵەت و پارلەمان و دەزگای دادوەری نییە و لەوانەیە کۆمەڵگا لە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رەخنە بگرن» بەڵام ئەم رەخنانە «دژایەتی بەڵێنی مانەوە لە گەڵ حکومەتدا نیه » ناوبراو رایگەیاند کە جەماوەر دەتوانن رەخنە لە رێبەر بگرن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هەر شێوازێک رەخنە گرتن لە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بێڕێزی بە رێبەر لە ئەژمار دێت و بەندکردن و ئەشکەنجەی لێ دەکەوێتەوە.

هەڵسوکەوتی سیاسی خامنەیی، پەیوەندی بەم وتانەیەوە نیە و دو بەرەکانێ لە وتار و هەڵسوکەوتی خامنەیی ئاشکرایە، هەر چەند کە خامنەیی باس لە گوێبیستی رەخنەکان لە دژی خۆی دەکات بەڵام هیچ چەشنە کردنەوەیەک لە هەلومەرجی داخراوی ئەم کاتەی ئێران بەدی ناکرێت و رۆژ لەدوای رۆژ گۆڕەپانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی تەسک دەکرێتەوە.

زۆرینەی قۆلبەست کراوانی ئەم دوایانە بەتایبەت قۆلبەست کراوانی ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ۱۳٨٨ بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە رێبەر بەرەوڕوو بونەتەوە و کەمترین سزا بۆیان سەپاندنی دوو ساڵ بەندیخانە بووە.

جێگای ئاماژەیە کە زۆرینەی چالاکانیی سیاسی بە هۆی رەخنە و ناڕازی بون لە سیاسەتەکانی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتونەتە بەر توندوو تیژی و لێدان و قەراری بەندکردنی درێژ خایەنیان لەسەر دەر کراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان