ئاماژە بەوەشکراوە، سەربارى هەوڵەکان بۆ ئازادکردنى ئەو ژنە تەمەن ٧٧ ساڵە، بەڵام دادگاى بڕیاى دەستگیرکردنى بۆ دەرکردووە و ڕەوانەى زیندانى جۆرى ئیى (E) موش کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە “دایە سیسێ” لە تەمەن ١٥ ساڵییەوە و لەو کاتەوە بە بوکى چووەتە گوندى بادانێ تاوەکو ئێستا لەو گوندەدا ژیانى بەسەر بردووە.

لە دواى شەش ڕۆژ لە دەستگیرکردنەکەى ئەمڕۆ ١٢ى نیسانى ٢٠١٦ “دایە سیسێ” وێنەیەکى خۆى لە زیندانەوە بۆ کەسوکارەکەى ناردووە، کە لەگەڵ ١٠ کەس لە ژنە زیندانیکراوەکانى دیکەى ناو زیندانى جۆرى ئیى (E) موشدا گرتوویەتى.

بەپێى ئاژانسى هەواڵى دیجلە، دایە سیسێ بەهۆى تەمەنى زۆرییەوە و باردۆخى زیندانەوە تواناى ڕاوەستاندنى بە پێوە نییە لەبەر ئەوە لەلایەن ژنە زیندانیکراوەکانى دیکەوە کورسییەکى بۆ دانراوە و لەسەرى دانیشتووە و وێنەکەى گرتووە.

یەکێک لەو ژنە زیندانیکراوانە کە وێنەکەى لەگەڵ “دایە سیسێ” گرتووە، لەگەڵ منداڵە تەمەن پێنج ساڵەکەیدا لە زینداندایە. هەروەها یەکێکى دیکە لە ژنە زیندانیکراوەکان ژنێکى دیکەى بە تەمەنە کە جلوبەرگى کوردیى لە بەردایە و لە ڕیزى دواوە ڕاوەستاوە.

جێی ئاماژەیە، بە دەست پێ کردنەوەی شەر لە لایەن تورکیاوە دژی باکووری کوردستان، بە دەیان کەس دەسبەسەر کراون کە زۆرینەی وان لە ژنان پێک دێن، ئەوە لە کاتێک دایە بە چندین سیاسەتوانی ژنی دیار و ناسراویش تێرۆر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دەسبەسەر کردنی داپیرە سیسێ پێشێل کاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ دەزانێت و دەخوازێت بە زووترین کات ئازاد بکرێت، هاوکات لەسەر ئەو بروایەیە تورکیا کۆمەڵکووژی لە باکووری کوردستان دەکات، بۆیە دەبێ بە زووترین کات هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستێن و تەواوی گیراوانی سیاسی کوڕد و لەسەرەوەی هەمووان، ژنانی سیاسی گیراو ئازاد بکرێن.

کۆمەڵە مافی مرۆڤی کوردستان