هەلومەرجی گرانی بوومەلەرزە لێداوان/ سەرەڕای تێپەڕینی پتر لە ۷۰ رۆژ لە بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان

KMMK: بە پێی ئەو سەر چاوانەی لەبەردەستدان، بەجێماوانی بومەلەرزەی پارزگای کرماشان لە هەلومەرجێکی نا جێگر بەسەر دەبەن، وێنەکان و گرتە ڤیدیۆیەکان و راپۆرتەکان هەمویان باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای تێپەڕ بونی پتر لە سێ مانگ لێقەوماوانی بومەلەرزە تا ئەم کاتە کانکسیان نەدراوەتێ و بنەماڵەگەلێکی زۆر سەرەڕای ئەوەی کە منداڵی ساوا، منداڵی کۆرپە، بەساڵا چوان، کەم ئەندام و نەخۆشیان لەگەڵە، لە وەرزی زستان لە خێوەتی دەستکرد دا ژیان بەسەر دەبەن، وێنە گەلێکی زۆر، باس لە کۆبونەوەی قوڕ و ئاو لە ژێری خێوەتەکاندا دەکەن، دابەزینی پلەی گەرمی و ژیان لە نێو خێوەت بوەتە هۆی پەتا و نەخۆشینی وایرۆسی سنگ لە کسانی لاوازدا، کەوتنەوەی ئاگر لە نێو خێوەتەکاندا، پچڕانی ئاوی خواردنەوە هەروەها لە گرفتەکانی تری لێقەوماوانن.

سەرەڕای هەبونی کەرتی ۳۰۰ میلیارد تمەنی لە بەردەستی سپا بۆ دابەش کردنی کانکس بۆ تا ئێستە کانکس دابەش نەکراوە بەسەر خەڵکدا و بە تەنیا ئەو کانکسانەی کە لەلاین خەڵکەوە ئامادە کراون گەیشتونەتە دەستی لێقەوماوان.

بە پێی راپۆرتگەلی رۆژنامەکانی ناوخۆیی، باس لە بڵاو کردنەوەی تەنها دوو جار کەلوپەلی خواردن وەک برنج و رۆن لە لایەن مانگی سوورەوە لە درێژەی ئەم ۷۰ رۆژەدا دەکرێت کە ئێستا ئەوەش بڕدراوە و باس لە نەبونی یارمەتی مانگی سوور دەکرێت و بەو هۆیەی کە خەڵک ناچارن بە خواردنی تەنها نۆک و لۆبیا لەو وەزعە ناڕازین، زۆرینەی لێقەوماوان دەست خۆشی لە یارمەتیدەرە مرۆییەکان دەکەن بەڵام لە یارمەتیەکانی دەوڵەت ناڕازین، زۆرینەی لێقەوماوان بێکار بوون و لە هەلومەرجێکی روخاوی دەرونی و رۆحیدا بەسەر دەبەن و تا ئەم کاتە پتر لە ۹۰ کەس هەوڵی خۆ کوشتنیان داوە، زۆرینەی ئەو بنەماڵانەی کە کەسی نەخۆشیان هەیە توانای کڕینی دەرمانیان نیە.

بەڵام لەسەر پاکوخاوێنی: نەبونی ئاودەست و سەرشۆک سەرەڕای تێپەڕینی ۷۰ رۆژ جێگای پەسەند نیە.

پرسیار لێرەدایە کە لە سەرەتاکانی رودانی بومەلەرزە وڵاتانی دەرەکی ئامادەیی خۆیان بۆ گیاندنی یارمەتی دەربڕی بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران بە پۆز بڵندیەوە و بەوەی کە حکومەتی ئێران خۆی دەتوانێت چارەسەری کارەساتی بومەلەرزەکە بکات و پێویستی بە یارمەتیە دەرەکیەکان نیە بووە لەمپەر لە بەردەم هەناردنی یارمەتییە دەرەکیەکان، لێرەدا دەبێت ئەو پرسیارەی لێ بکرێت کە خود خۆی و بنەماڵەی و حکومەتیەکان دەتوانن یەک حەوتوو لە تەنیشت لێ قەوماواندا لەم سەرمایە و لە نێو خێوەت ژیان بەرنە سەر؟

نا بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر گەیاندنی یارمەتی بۆ بومەلەرزە لێدراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشان زۆر ڕونەو جێگای لێبوردن نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان