درێژەی هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەمڕۆ ۱۲ی رێبەندانی ۱۳۹۶ی هەتاوی لە درێژەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان فڕۆکە جەنگیەکانی حکومەتی تورکیا ناوچە ئیزەدی نشینەکانیان کردە ئامانج.

بە پێی راپۆرتگەلی گەیشتوو: لە درێژەی هێرشەکاندا گوندەکانی “گوندە مەزن” و “باشمارا” و “باسۆڤا”ی ناوچەی شەڕئاوای سەر بەعەفرین لە لایەن حکومەتی تورکیاوە تۆپ باران کران.

جێگای ئاماژەیە کە: حکومەتی تورکیە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکان بە شێوەی سەر بەخۆ هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و بەوبۆنەوە لە هیچ چەشنە کردەوەیەکی دژ بە یاسا نێو نەتەوەییەکان و توندڕەوانە بە ئامانجی پێش بردنی کۆمەڵکوژی لە رۆژ ئاوای کوردستان خۆی بەدور ناگرێت، لە ناو بردنی شونەوارە مێژوییەکان و بە کار هێنانی چەکی قەدەغە کراو و هێرش کردنە سەر کەمینەکانی ئایینی و تۆپبارانی دانیشتوانی سڤیل لە کردەوە نامرۆییەکانی حکومەتی تورکیایە دژ بە رۆژئاوای کوردستان و هەروەها بۆ پێش بردنی ئامانجە شەڕئەنگێزیەکانی خۆی بە هێنانی ئەو گروپانەی کە لە لیستی گروپە تیرۆریستیەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەمریکان و وەر گرتنی یارمەتی لەو گروپانە بۆ جارێکی تر تورکیا هەنگاو بەرەو سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکەدا هەڵ دەگرێت، ئەم کردەوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە وڵاتانی دونیا بۆ لەناو بردن و تواندنەوەی ئەو گروپانە چەندین ساڵ هەوڵی بێ وچانیان داوە و ئەگەری سەر هەڵدانەوە و بەهێز بونی ئەم گروپانە لە ناوچەکەدا بە پشتیوانی حکومەتی تورکیا زۆر لە سەرەوەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان