درێژەی دەسبەسەری شارۆمەندانی «بەهایی» لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی شەممە ۱۱ی سەرماوەز هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان هەڵدەکوتنە سەرماڵی شارۆمەندێکی بەهایی بە ناوی «بۆرهان تبیانیان» و لە کاتێکدا کە ناوبراو لە ماڵەوە نەبوو ماڵەکەی دەپشکێنن و دەستدەگرن بە سەر کەلوپەلی تایبەتی بۆرهان دا.

پاشان هێزە ئەمنییەکان پەیوەندی دەگرن بە ناوبراوەوە و بانگهیشتی ناوەندی ئیتلاعەتی ئەو شارەی دەکەن. بۆرهان تبیانیان ڕۆژی یەکشەممە سەردانی ناوەندی وەزارەتی ئیتلاعەت دەکات و تا ئێستا لە دەسبەسەریدایە.

ئەم دەسبەسەریە لە کاتێکدا بە ڕێوەدەچێت کە نەغمە شادابی، سۆهیلا شادابی و فەرزانە ئەمینی ڕۆژی شەممە ۱۱ ی سەرماوەز دەسبەسەر دەکرێن و هیچ زانیاریەک لە مەڕ چارنوسیان تا ئێستا لە بەر دەستدا نیە.

شارۆمەندانی بەهای لە ئێراندا ئازادی باورگەلی مەزهەبیان لێ زەوت کراوە، ئەم دۆخە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوەدەچێت لە حاڵێکدایە کە بە پێی مادەی ۱۸ جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و مادەی ۱۸ مافه‌کانی نێونەتەوەی مافی مەدەنی و سیاسی هر تاکێک مافی هەیە لە ئازادی دین و گۆڕانی دین و باوەڕ بە ئاشکارا یا نەهێنی بە شێوەی تاک و یان گرووپ بەهرەمەند بێت.

جێگای باسە بە پێی سەرچاوەگەلی نافەرمی لە ئێراندا پتر لە سێ‌سەد هەزار باوەڕداری بەهایی ژیان دەکەن، مخابن یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران بیروباوەڕی بەهایی بە فەرمی ناناسێت و بەردەوام بە شێوەی سیستماتێک مافی باوەڕدارانی بەهای زەوت دەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان