پتر لە ۲۳۰۰ منداڵ لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدەست بەد خۆراکیەوە( سوء تغذیە) دەناڵێنن

پتر لە ۲۳۰۰ منداڵ لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدەست بەد خۆراکیەوە( سوء تغذیە) دەناڵێنن

بەپێی راپۆرتگەلی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: دوهەزار و سێسەد منداڵ ژێر تەمەن پێنج ساڵی بەد خۆراکی، لە پارێزگای سنە ژیان دەبەنە سەر کە ئەم رێژەیە بە تەنها لەسەر کەسانێکە کە پەیوەندیان بە ناوەندی تەندروستی پارێزگای سنەوە کردووە و لەبەرچاون، شارەکانی سنە و مەریوان لە ریزبەندی یەکەم و دوهەمی ئەم ریزبەندیەیان لە خۆ گرتووە.

بە پێی وتەکانی جێگری بەرپرسی تەندروستی زانکۆی پزیشکی شاری سنە؛ بە هۆی پەیوەندی نەگرتن بەو ناوەندەوە رێژەی توشبوانی بەد خۆراکی زۆر لەو رێژەیە زۆرترە.

ئەم ۲۳۰۰منداڵە کە بەدەست بەد خۆراکیەوە دەناڵێنن ، مانگانە تەنها ۷۰هەزار تمەن یارمەتی بۆ وەر گرتنی خواردەمەنی وەر دەگرن ، و ئەو بڕە پارە سەرەڕای نالەباری ئابوری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گرانی پێداویستی خواردەمەنی بۆ کڕینی هەمو جۆرە گروپێکی خۆراکی گونجاو نیە و منداڵان توشی زۆرێک لە نەخۆشیەکان هاتوون.

بە پێی وتەکانی”ئازاد زاهیدی” بەرپرسی دەزگای تەندروستی و دەرمان و بیمەی کۆمەڵایەتی پارێزگای سنە: ئەو یارمەتیە ۷۰ هەزار تمەنیە، هەمو چینەکانی کەم دەستی کۆمەڵگا ناگرێتە خۆ و بڕێک لەم منداڵانە کە لە کەنارەکانی شاردا دەژین و بار ئابوریان زۆر نالەبارە و توشی بەد خۆراکی هاتوون و بەهۆی هەبوونی بەرپرسی بنەماڵەیەوە ناتوانن یارمەتی وەر بگرن.

ئازاد زاهدی دەڵێت: لە کۆی هەزارو هەشت سەد منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ کە دەکەونە ژێر پەرچی یارمەتی بۆ منداڵانی توش بوو بە بەدخۆراکی لە ژێر پەرچی کومیتەی فریاکەوتن، لە شاری بانە ۱۸۴کەس، بیجاڕ ۷۵ کەی، دیواندەڕە ۱۳۰ کەس، قوروە ۳۹ کەس، سەقز ۲۵۰ کەس، کامیاران ٨۰ کەس، مەریوان ۲۹۶ کەس، دێولان ۱۰۳ کەس، سەوڵ ئاوا۲٨۵ کەس، ناوچەی یەکی سنە۲۴۵ کەس و ناوچەی دووی سنە ۱۱۳کەس دەگرێتەوە.

جێگای ئاماژەیە: بەدخۆراکی کاتێک روو دەدات کە لەش، کەرەستەی خوراکی و کەرستەی وزەیی پێویست بۆ گەشەکردنی لەش و بەڕێوەبردنی هەڵسوکەوتی رۆژانە بڕی پێویست نیە کە لەوانەیە مرۆڤ لە مەودایەکی کاتی درێژخایەن یاخود کورت توشی بەد خۆراکی دەبێت، ماندووی و نەبونی وزە، سەر گێژە، لەناو چونی سیستەمی بەرگری لەش، وشک بون و هەڵدانی پێستی لەش، هەڵئاوسان و خوێن بەر بونی پووک، هەڵوەرینی دانەکان، کورت بونەوەی کاتی بەرتەکی لەش کێشەی سەرنج دان، دابەزینی کێش، گەشە کردنی هێور، داچەکینی زەبڵەک، هەڵئاوسانی زگ، بۆشی ئێسک و کێشەی فێر بون لە گرفتەکانی توشبون بە بەدخۆراکیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان