بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،لە پێنج شارۆچکەی سەر بە پارێزگای مێردینی باکوری کوردستان، ١٤ هاوڵاتی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکران.
ناوەندی رۆژنیوز بڵاوی کردۆتەوە کە ئەمڕۆ ۸ سەرماوەزی ۲۷۱۷ کوردی بەرامبەر بە ۸ ئازەری ۱۳۹۶ هەتاوی، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتیان لە نسێبین، قۆسەر، دێریک، کەرەبۆران و میدیادی سەر بە پارێزگای مێردین و ١٤ کەسیان دەستگیرکرد.
هێزەکانی پۆلیسی تورکیا ئەو هاوڵاتیانەیان بەتۆمەتی “ئەندامبوونی ڕێکخستنی قەدەغە” و “پروپاگەندە بۆ رێکخستنی قەدەغە” دەستبەسەرکردووە.
دەستگیرکراوان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی مێردین کراون.
هەروەها ڕاگەیەندراوە، کە پۆلیسی تورکیا هەوڵی دەستگیرکردنی چوار کەسی دیکەشیان داوە، بەڵام بەهۆئەوەی لە ماڵ نەبوون نەیانتوانیوە دەستگیریان بکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان