حکومەتی ئێران: ئەو لێقەوماوانەی کابینەیان پێدراوە هاوکاریان ناکرێت بۆ چاککردنەوەی خانووەکانیان

بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،وتەبێژی دەوڵەتی ئێڕان بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند، کە ئەو هاوڵاتییانەی کابینەیان دراوەتێ، هیچ یارمەتییەکیان لەلایەن دەوڵەوەتەوە نادرێتێ بۆ دروستکردنەوەی خانووەکانیان.

محەمەد باقر نۆبەخت، وتەبێژی دەوڵەتی ئێڕان لەبارەی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشانەوە ڕایگەیاندووە، کە هاوڵاتیان یان کابینەیان دەدرێتێ، یان بڕی پێنج بۆ شەش ملیۆن تمەن،بۆ ئەوەی خانووە ڕووخاوەکانیان چاک بکەنەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە ئەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی لێقەوماو خانووەکانیانی پێ چاکبکەنەوە، بەپێی نڕخی ماددەکانی دروستکردنی خانوو لە ئێڕان ١٠٪ی پارەی پێویستیش نییە.

لە لایەکی دیکەوە ڕاگەیەندراوە، کە کابینەکان لەلایەن دەوڵەتەوە نەدراوە بە لێقەوماوان، بەڵکو یارمەتی و هاوکاریی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە بۆ ئەو هاوڵاتیانە.

سەرەڕای هەموو بانگەشەکانی حکومەتی ئێران بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی لێقەوماو لە سنووری پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستاوە دەستیکردووە بە پاساو هێنانەوە بۆ خۆدزینەوە لەو ئەرکانەی وەک دەوڵەت لە ئاستی هاوڵاتیاندا لە ئەستۆیدایە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان