دەستدرێژی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە باشوری کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراقدا ، لەڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەمە ۲۷ی ڕەزبەر دا هێمای بە جەنایەت و دەستدرێژی چەکدارانی حەشدی شەعبی کردوە کە بە یارمەتی هێزەکانی حکومەتی عێراق هێرشیان کردۆتەسەر ناوچە دابڕاوەکانی باشوری کوردستان .
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت لە پەلامارەکەی حەشدی شەعبیدا دەسدرێژی و توند و تیژی و ئازاردانی خەڵکی ئاسایی کراوە و لانیکەم ۱٥۰ خانوی هاووڵاتییان سوتێنراوە و ماڵ و کەلوپەلی هاووڵاتییان تاڵان کراوە .
شایانی باسە ئەم چەکدارانە بە شێوەی فەرمی لە ژێر حکومەتی ناوەندی بە سەرۆک وەزیرانی حەیدەر عیبادیدایە بەڵام لە کردەوەدا لەژێر کاریگەری فەرمانەکانی هێزەکانی سپای قودسی کۆماری ئیسلامییدایە بە فەرماندەیی “قاسم سولێمانی ” .
لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەعس لە عێراقدا بە پێی یاسای نوێ عێراق ، مادەێیکی یاسایی لە حکومەتی فدڕاڵی عێراقدا جێگیر بوو کە بە مادەی ۱٤۰ بە ناوبانگە و بڕیار درابوو بە چاودێری ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ، کەرکوک و بەشێک لە پارێزگای سەلاحەدین و موسڵ کە لە ناو هێڵی ۳٦ پلەدا نەبوون بگەڕێتەوە ژێر ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەڵام لە دوای ۱٤ ساڵ هێشتا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هەڵنەگیراوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان