مەترسی لە ناوچونی “تاڵاو ی کانی بەرازان” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، تاڵاو(پەنگاو) و گۆلە گەورەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لەدوای یەک بە هۆی کەم و کوڕی بەڕێوەبەرایەتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕوولە تێداچوونە و ژینگەی مرۆیی و بونەوەری لە گەڵ مەترسی لەناوچوون بەرەوڕوونە.
تاڵاو ( پەنگاو)ی نێونەتەوەیی کانی بەرازان بە ڕووبەری (۹۰۷ هێکتار ) لە مەودای ۳۰ کیلومیتری باکوری مهاباد دایە و لەلایەن کومیتەی نەتەوەیی (تەبیعەت گەردی) گەشتیاری سروشتی وڵاتەوە وەکو یەکەم شوێنی پڕ لە پەلەوەر لە ئێراندا ناسراوە و بایەخی پێداوە .
پەنگاوی “کانی بەرازان” یەکێک لە ژینگە و وێستگە هەر باشەکانی مەل و پەلەوەرە کۆچەریەکانە و بەشی باشوری تاڵاوەکە لە داوێنی کێوی قەرەداغدا شوێنی خۆی کردۆتەو ئەو کێوە و تەپۆڵکەی باواحەیدەریش سوارن بەسەر تاڵاوەکەدا .
بە هۆی هەڵکەوتەی سروشتی و قڕو قامیشەوە هەڵگری میوانداری لە زۆرترین پەلەوری کۆچەر و مراوی و پەلەوری خۆش نشین و قەراخی کەفچەرێنی هەیە و مەترسی لەناوچونی سۆنەی سپی و جۆرەکانی تری سۆنە مەڕمەڕی و قورینگ و قازی قوڵینگ و مل سور و قوو چۆخەبازەڵەو هەڵۆی کەنار و هەروەها زۆرێک لە جۆرەکانی پەلەوەر و ئەنواعی قاز و مراوی و چێرگ و مێشەسی و … هەیە.
لەو دوایانەدا زۆری نەماوە بۆ وشک بوونی تەواوی ئەو پەنگاوە و نزیک بە ۹٥ لە سەدی بەتەواوی وشک بوە و ئەمەش جێگای پرسیارە بۆچی ناوەندە پەیوەندیدارەکان لەدوای وشکبوونی بەدەیان پەنگاو و گۆل هێشتا بەدوای ڕێگەچارەێیکدا دەگەڕێن ؟
پەنگاوی کانی بەرازان لە چۆمی مهابادەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە دوای ئەوەی لە بەنداوی مهابادەوە ئاوی ڕووبارەکە دەڕژێتە پەنگاوی کانی بەرازانەوە و لەوێشەوە دەڕژێتە سەر گۆلی ورمێ بەڵام هەر وەک دەزانین گۆلی ورمێ و گۆلی زرێباریش لە بەرەبەری وشکارۆ بووندان و نەوەک هیچ ڕێکارێک ڕەچاو نەکراوە بۆ ئەوەی ئەو دیاردە ژینگەییە چارەسەربکرێت بەڵکوو حکومەتی ئێران سەوادای وشک کردنی بەقەستی بەشی پڕ ئاو و شینکایی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە سەردایە و لە ڕێگەی هەناردەکردنی ئاو بۆ پارێزگاکانی دەر و جیرانی و غەیرە کورد هەناردە دەکات و پەرە پێدەدات .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان