مەترسی جیدی لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکان حەسکیف

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پاش ئەوەی حەسکیف بە دینامەیت (تی ئێن تی) تەقێندرایەوە، ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا بلدۆزەرەکانی بردووەتە ئەو شوێنە و خەریکە شوێنەوارە مێژووەکانی حەسکیف دەڕوخێنێت.
لە بەردەوامی سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی کلتور و مێژووی کوردستان، بە بەهانەی دروستکردنی بەنداو لە سەر ڕووباری دیجلە، دەستیکردووە بە ڕوخاندنی شوێنەوارە مێژووییەکانی حەسکیف.
ناوەندی هەواڵی رۆژنیوز دەنووسێت، قائیمقامی حەسکیف ڕایگەیاندووە، کە ئەو شوێنەوارە مێژووییانە بەهۆی دروستکردنی بەنداوی ئیلەسو خەریکن دەڕووخێن و میراتی کلتوری هەزاران ساڵەی کوردستان لەناو دەچێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە پێشتر پارێزگاری باتمان وتبووی، کە حەسکیف بە دینامیت نەڕوخێندراوە، بەڵام دواتر لە میدیاکاندا وێنەی تەقاندنەوەی حەسکیف بە دینامیت بڵاوکرایەوە و پارێزگاری باتمان بەدرۆخرایەوە.
ئەمڕۆش لە بەردەوامی ڕوخاندنی ئەو شوێنەوارە مێژووییانەدا، حکومەتی تورک بلدۆزەرەکانی بردووەتە ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی بەتەواوی بیانڕوخێنێت و لەناویان ببات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان