گومان لەچارەنووسی سەیدجەماڵ موسەوی زیندانی پێڕەوی ئایینزای سوننە

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،زیندانی پێڕەوی ئایینزای سوننەی کوردی مەحکووم بەئێعدام “سەیدجەماڵ موسەوی”بەندکراولەزیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەڕۆژی۲۵ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۹۶ی هەتاوی تاکاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەردەست نییە.

بەگوێرەی هەواڵەکە ناوبراو بەبێ داواکاری وخواستی پێشتر لەڕێکەوتی۲۵ی گەلاوێژەوە بەبیانووی ناردن بۆ بەشی تەندرووستی لەبەند بردویانەتە دەرەوە وگواستویانەتەوە بۆشوێنێکی نادیار وبنەماڵەکەی لەچارەنووسی ئاڵۆز وناڕوونی کوڕەکەیان دڵگرانن وبەرپرسانی زیندانیش وڵامێکی لۆژیکی پێنەداونەتەوە وتەنانەت نێوی ئەونەخۆشخانەی کە ڕەوانی ئەوێ کراوە نادرکێنن.

جێگەی باسە کەئەم زیندانییە سوننەیەی کورد وخەڵکی شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ولەساڵی۱۳۸۷ی هەتاوی دەسبەسەر کراوە وبەتۆمەتی محاربە وپێوەندی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان لەساڵی ۸۸ ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا وپاش ناڕەزایەتی دەربڕین لەلایەن دیوانی باڵای ووڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە وناوبراو هەموو ئەم تۆمەتانەی بێ بنەما زانیوو و بەرپەرچ دایەوە.
سەیدجەماڵ مووسەوی لەڕۆژی ۲۳ی پووشپەڕی۱۳۹۵ی هەتاوی لەزیندانی سنەوە دوورخرایەوە بۆزیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان