پەرلەمانتارێکی هەدەپە بۆ پاراستنی ئاسەوارە مێژوویەکان، خۆی زنجیرکرد

بەپێی هەوالی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، پەرلەمانتارێکی شاری ئێلیحی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، لەبەردەم ئاسەوارە مێژووییەکانی حەسکیف خۆی زنجیرکرد، بە مەبەستی ناڕەزایی پیشاندان لە بەرامبەر ڕووخاندن و خراپکردنی ئەو ئاسەوارانەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.

محەمەد عەلی ئەسڵان، پەرلەمانتاری ئێلیحی هەدەپە ئەمڕۆ چووە حەسکیف و خۆی زنجیرکرد، بۆ ئەوەی ناڕەزایی پیشان بدات بەرامبەر بە دینامیتڕێژکردن و تەقاندنەوەی ئاسەوارە مێژووەکانی حەسکیف لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ دروستکردنی بەنداو. ئەسڵان لە بارەی ئەو چالاکییەیەوە ڕایگەیاند:”بەرپرسان زانیاریی مێژووییان نییە، دینامیتڕێژکردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی حەسکیف وەکو چەقۆیەک لە دڵماندا چەقیوە، هەر تەقینەوەیەک لێرە ڕووبدات دەبێت لە پێش دا ئەو چەقۆیە دڵی ئێمە ببڕێت”.

ئەسڵان وتیشی، کە تەقاندنەوەی ئاسەوارێکی مێژوویی وەکو حەسکیف لە هیچ عەقڵییەتێکدا جێگای نابێتەوە. ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ڕاشیگەیاند، کە وەکو پەرلەمانتار و بە نوێنەرایەتی هەدەپەوە ئەو چالاکییە ئەنجام نادات، بەڵکو وەکو عاشق و پارێزەرێکی حەسکیف هەستاوە بە زنجیرکردنی خۆی لە شوێنێک کە دەوڵەتی تورکیا دەیەتەوێت بیتەقێنێتەوە. چالاکییەکەی محەمەد عەلی ئەسڵان لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا بەردەوامە. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان