سوپای تورکیا فشارەکانی بۆسەر هاوڵاتیانی گوندەکانی عەفرین زیاتر کردووە

سوپای تورکیا بە دروستکردنی بارەگا و دەستڕێژی گولـلە لە هاوڵاتیانی گوندەکانی کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان فشارەکانی بۆسەر ئەو هاوڵاتیانە زیاترکردووە.

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هاوڵاتیانی گوندی بالیی سەربە شارۆچکەی بلبلێی کانتۆنی عەفرین دەڵێن، کە سوپای تورکیا لە ناوچەکانی سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان زەوی هاوڵاتیانی داگیرکردووە و سەدان داری بڕیوەتەوە.

ناوەندی رۆژنیوز لە ڕاپۆرتێک لەم بارەوە دەنووسێت: لە ڕۆژی ٢٣ی ئازاردا سوپای تورکیا زیاتر لە ٥٠٠ داری زەیتوونی گوندی بالیی بڕیییەوە، هەروەها هاتوچۆیان لە هەندێک ناوچە قەدەغەکرد و لەو ناوچانەش ٢٦٧ داریان بڕییەوە، پاش داگیکردنی ئەو زەوییانە دەستیان کرد بە دروستکردنی دیواری شەرم و ئێستاش بارەگای سەربازی لەناویاندا دروستدەکەن و لە ڕێگای ئەو بارەگایانەوە فشار دەخەنە سەرهاوڵاتیانی ئەو گوندە.
هاوڵاتیانی ئەو گوندە دەڵێن: مەبەستی سوپای تورک لەو کارانە ئاوارەکردنمانە لە خاکی خۆمان، بەڵام با سوپای تورک باش بزانێت کە ئێمە قەت خاکی خۆمانیان بۆ چۆڵ ناکەین.

هەوروەها دەشڵێن، کە بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی سەربازە تورکەکانەوە ناتوانن ئاژەڵەکانیان ببەنە سەر زەویەکانیان بۆ لەوەڕاندن و کاری کشتوکاڵیشیان تووشی گیروگرفت بووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان