دوای هێرش بۆ سەر یارسانییەکان، ئەمجارە مەزارگەی مەسیحیانی کرماشان داخرا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڕیاری شارەوانی کرماشان گۆڕستانی مەسیحیەکانی ئەو شارە داخرا و ئیزنی بەرێوەچوونی بۆنە و سەردانی گۆڕی کەس و کاریان بە مەسیحیەکان نادرێت.

سەرچاوەیەک لە کرماشان بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی رایگەیاند: لە گەڵ دەرچوونی ئەو بریارە بەشێک لە مەسیحیەکانی ئەو شارە و هەروەها شارەکانی تر نارەزایەتیان دەڕبڕیوە و هەتا ئێستاش هیچ ئۆرگانێکی حکوومەتی وەڵامی ناڕازیانیان نەداوەتەوە. شایانی باسە بەشێکی بەرچاو لەو گۆرستانە لە ساڵانی پێشوو لە لایەن شارەوانی کرماشان بە بیانووی جۆراوجۆر وێران و تێک دراوە و بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی بەکار هێندراوە و ئێستاش پیلانی ئەوەیان هەیە کە ئەم شوێنە بە تەواوی تێک بدەن.

هەروەها ئەم گۆرستانە چەندین جار بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن کەسانی سەر بە سپا و دام و دەزگا ئەمنیەتیەکان هێرشی کراوەتە سەر و کێلی گۆڕەکانیان شکێندراون و تەنانەت خەڵکانی ئەو دەورووبەرە زبڵی گەرەکەکانیش هەر دەخەنە ناو گۆرستانەکە کە ئەمەش نارەزایەتی تووندی کۆمەڵەی مەسیحیەکانی کرماشان و ئێرانی بەدوای خۆی دا هێناوە. هەر لەم پەیوەندیە دا پێویستە بوترێت کە شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان شارێکی فرە ئایینیە و تێیدا چەندین ئایین بەیەکەوە دەژین لەوانە: موسلمان، مەسیحی، یارسان، زەردەشتی، بەهایی کە لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بەشێکی بەرچاو لەم کەمە ئایینەیانە کە هەموویان کورد بوون لە ژێر گووشاری حکوومەتی و بێرێزی پێکردن لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و دەوڵتییەکانەوە بە ناچار روویان لە وڵاتانی رۆژئاوایی کردووە و ئەوانی کە ماونەتەوە هەرجۆرە چالاکی و بەرێوەبردنی بۆنە ئایینیەکانیان لە ژێر چاودێری تووندی دەسەڵات دایە و لە هەموو مافێکی یاسایی و سیاسی و ئینسانی بێبەش کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان