هەڵاواردنی هەمە لایەنە لەشارەکانی ڕوژهەڵاتی کوردستــان

بەپێی ڕاپۆرتێکی کورتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هەڵاواردنی سەپێنراو لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەنیا لە بەرز بوونەوەی نرخی بێکاری، لە سێدارەدان، کوشتنی کۆڵبەر، تەقینەوەی مین، بوونە قوربانی خەڵک و بەگشتی لە ڕوخساری ئەمنی کوردستان دا بوونی هەیە، بەڵکوو لە شوێن و کەرەستە گەشت و گوزارییەکانیش دا بە زەقی دەبیندرێت.

بۆ وێنە شاری “ســــــــنە” بە ٤۱٤۰۰۰ حەشیمەتەوە و سەرەڕای ئەوەی ناوەندی پارێزگایە، شاری یاری نییە. وێنەیەکی تر شاری “مەهاباد”ە کە وێڕای بوونی جەماوەری ۱٤۷۲۳٨ کەسی، سینەمای تێدا نییە و ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو و ٤۰ساڵ لەوەپێش خاوەنی ۲ سینەما بووە. چەرخ و فەلەکی شاری یاری مەهابادیش بەهۆی ناستانداردبوونی چەند ساڵ پێش تێکقرماوە و چەند کوژراوێکیشی لەپاش خۆی بە جێهێشتووە.

شاری سەقزیش هەر چارەنووسی شاری مەهابادی هەیە.

نەبوونی سینەما لەشاری “ئەیوان” وێنەیەکی تر لەو هەڵاواردنانەیە. شاری ئەیوان لەکاتێکدا کە دووهەمین شاری پڕ دانیشتووی پارێزگای ئیلامە، بە ۷۰۰۰۰ جەماوەرەوە و بوونی زۆرترین ڕێژەی بێکاری بەشێوەیەکە کە لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێران، بەهۆی هەبوونی باخ و باخاتێکی زۆر و بەپیتبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکانی و هەبوونی زۆرترین سفرەی ئاوی ژێر زەوی، بە باخی “شـــــــــا” دەناسرا.

بەڵام ئێستا بەهۆی لێدانی چاڵی قووڵ بۆ کەڵک وەرگرتن لە پێترۆکیمیای ئیلام و پلان ڕێژی هەڵە، تەواوی سفرە ئاوییەکانی ئەو شارە ویشک بووە و چیدیکە ئەو باخاتە بوونیان نییە. ئەو شارە کە ۱۰۰%ی دانیشتووانەکەی کورد و ۹۵%ی خەڵکەکەی خوێندەوارن و کەمترین پارەی بۆ تەرخانکراوە، زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتنی لە هەموو ئێران دا هەیە و زیاتر لە ۱/۳ی مردووەکانی ئەوشارە خۆیان کوشتووە. خاڵی سەیر ئەوەیە کە هەتا ساڵی پار، لە تەواوی پارێزگای ئیلام دا کە هەژارترین پارێزگای ئێرانە، یەک سینەماش بوونی نەبوو و تەنیا سینەماکەی ببوو بە شوێنی ڕاگرتنی ماشێن و ئەوساڵ تازە بەتازە، سینەما فەرهەنگ لەو شارە کراوەتەوە.

کەلووپەلی شاری یاری ئیلام ستاندارد نین و نیزیک مانگێک لەوە پێش، کارەساتیان خوڵقاندووە. ئەوە تەنیا بەشێکی بچووک لە هەڵاواردن لە بەشی شوێن و کەرەستەکانی حەسانەوەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان