هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆڵبەرێکی دیکەی کوردیان کوشت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، شەوی ۱۳ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆڵبەرێکی تری کوردیان کوشت.

“فەرهـــــــــاد زەردی” ۲٦ ساڵە، خێزاندار و باوکی ۲منداڵ، شەوی ڕابردوو لەگەڵ کۆمەڵێک کۆڵبەری دیکە کەوتنە بەر تەقەی بنکەی ئینتیزامی “سێڵوێ” لە سێ ڕێیانی پیرکانیانی سەر بەشاری پیرانشار و بەوهۆیەوە فیشەک وەسەری دەکەوێت و دەستبەجێ گیانی لەدەست دەدا.
شایانی باسە کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە پیشەی خەڵکی بێکار و بێ بژێوی ژیان.

کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ چارەسەری قەیرانی بێکاری لەو ناوچە سنوورییانە نییە، بەڵکوو ڕۆژانە کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکوژرێن یا بریندار دەکرێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان