قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بنەماڵەکانیان وگواستنەوەی ۳ زیندانی بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکم

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۹۶ی هەتاوی سێ زیندانی بیروباوەڕی سوننە ،کەبەتۆمەتی محاربە لەساڵانی ڕابردوو ئێعدامیان بەسەردا سەپێنرابوو ،بۆجێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام گوازرانەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان .لەناو وناونیشانی ئەم زیندانیانە زانیارییەک لەبەردەست نییە.
جێگەی باسە کەئەوڕۆ ۱۲ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی ئێعدامی بەکۆمەڵی۲۵ کەس لەزیندانیانی سیاسی بیروباوەڕی پێڕەوی ئاینزای سوننەیە هەرلەم زیندانە.

جگە لەمە،زیندانیانی سیاسی بەندکراو لەزیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕێگەی چاوپێکەوتنیان لێ یاساغ کراوە.چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۹۶ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لەزیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بۆچاوپێکوتن سەردانی ئەم زیندانەیان کردووە.بەرپرسانی زیندان پێیان کوتوون کەچاوپێکەوتن لەئارادا نییە.ئەم زیندانیانە بەزۆرەملە لەگەڵ لێدان وتێبەربوونێکی گران لەڕۆژی یەکشەممە ۸ی گەلاوێژ گوازراونەتەوە بۆهۆڵی ۱۰ی بەندی٤.هەنووکە ئەم زیندانیانە هیچ چەشنە پێوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نییە ولەناڕەزایەتی دژبە جێ گۆڕکێی خۆسەرانە دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن.
ڕێداران وبەرپرسانی زیندان لەترسی ناڕەزایی دەربڕینی بنەماڵەی زیندانیان لەبەرانبەری زیندان،بەخێرایی بنەماڵەکانیان گەڕاندۆتەوە وپێیان کوتوون کەڕامەوەستن چونکوو هیچ چەشنە چاوپێکەوتنێک لەئارادا نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان