۲ ساڵ زیندان و ۱میلیون و ۳۰۰ هەزار تمەن جەریمە، بۆ هاووڵاتییەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕایەوە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ۱٥ی بانەمەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی دادسەرای ئینقیلابی شاری میاندواو، سزای ۲ ساڵ زیندان و ۱میلیۆن و ۳۰۰ هەزار تمەن جەریمەی بۆ هاووڵاتییەکی کورد بڕییەوە.

“ئەندیشمەند(ئەحمەد) یەزدانی فەر” ٤۱ ساڵە و خەڵکی ئاوایی گامێش گۆلی سەر بە شاری میاندواو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە پێشتر لە بەرواری ۲ی ڕەشەممەی ۱۳۹٥ لە کاتی گەڕانەوەی لە باشووری کوردستانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی مەریوان دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای ئەو شارە وە بە بارمتەی ۱٥۰ میلیۆن تمەن، هەتا بەڕێوەچوونی دادگاکەی بە شێوەی کاتی سەربەست کرابوو.

لە ڕۆژی ۱٥ی ئەو مانگەوە لە دادسەرای ئینقلابی میاندواو، یەکەم دادگای ناوبراو بەڕێوە چوو و بە تاوانی هاوکاری کردنی یەکێ لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕژیم لە ڕێگەی درووستکردنی شانەی نهێنی چەکداری، ماوەی ۲ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و بە تاوانی دەربازکردنی سنوور بە شێوەی نایاسایی ۱میلیۆن و ۳۰۰ هەزار تمەنی وەک جەریمە بەسەردا سەپێنرا.

ئەحمەد یەزدانی فەر خێزاندارەو لە ترسی ئەگەری زیادبوونی حوکمەکەی تانەی لە بڕیارەکەی دادگا نەداوە و چاوەڕوانی دەستبەسەر کردن و ڕەوانە کردنییەتی بۆ زیندان. دەبێ ئاماژەی پێبکرێت کە هەر لەو ئاواییە ساڵی پار ٦ کەس لە خەڵکی ئەو ئاواییە بەتاوانی کوشتنی چەکدارێکی سپای پاسداران، حوکمی زیندانی درێژ ماوە و یەکێکیشیان ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو ماف و ئازادییە سیاسی و کلتووریی و کۆمەڵایەتییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قەدەغە کردووە و هەرکەسێکیش بۆ بەدەستهێنانیان تێکۆشان بکات، بە گرتن، کوشتن، تۆقاندن و دەرکردن وەڵامیان دەداتەوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان