مانگرتنی گیراوانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان

چالاکی مانگرتنی بێنۆرە و ماوەنادیار، لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ماوەی ۳٥ رۆژە دەستیپێکردوە ،سەرەتا لە زیندانی شاکران ئەو مانگرتنە دەستی پێ کرد و دواتر بە هەموو زیندانەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستاندا بڵاوبوویەوە.
کۆمیتەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی بانگەوازی هەستیاری بۆ ڕای گشتی کرد کە ڕۆژ لە دوای ژیانی گیراوان دەکەوێتە مەترسی زیاترەوە، لەبەرئەوە هەر کەسێک چی لە دەست دێت با کاری ئەمڕۆ نەخاتە سبەینێ.

لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، گیراوانی دۆزی پەکەکە و پاژک بە داخوازی لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان، یەکێ لە رێبەرانی بزوتنەوەی ئازادی خوازی گەلی کوردستان ، نەهێشتنی فشار و زۆرداری سەر زیندانیانی سیاسی و پێشێلکردنی مافەکانیان و کۆتایهێنان بە سوتان و وێرانکردنی گوند و شارەکانی کوردستان دەستیان بە مانگرتنی بێنۆرە و ماوەنادیار کردووە.

لە زیندانی شاکران، ٣٨ ڕۆژ، لە زیندانی سینجان ٣٠ ڕۆژ، لە زیندانی ئەدیرنە ٢٨ ڕۆژ، لە زیندانی مەنەمەن ١٨ ڕۆژ و لە زیندانی شاری وان’یش ١٣ ڕۆژە گیراوانی سیاسی دەستیان بە مانگرتنی بێنۆرە و ماوە نادیار کردووە. کێشی بەشێک لە مانگرتووەکان ١٠کیلۆ کەمی کردووە و تا دەچێت ڕەوشی تەندروستییان خراپتر دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە ژیانیان لە دەست بدەن.

حکومەتی تورکیا هەوڵی سەرنگومکردنی مانگرتوان کردووە و هەوڵدەدات بەو کردەوەیەی ئیرادەی مانگرتوان تێکبشکێنێت. ئەم کردەوە و هەوڵدانانەش بە تایبەت لە زیندانەکانی شاکران و ئەدیرنە گەیشتۆتە بەرزترین ئاست.

وتەبێژی دەستپێشخەری پشتیوانی لە گیراوانی سیاسی عارف یڵماز دەربارەی ڕەوشی تەندروستی مانگرتوان بە لێدوانێک بانگەوازی هەستیاربوونی بۆ ڕای گشتی کرد و ڕایگەیاند: بەڕێوەبارانی زیندانەکانی شاکران و ئەدیرنە وەک ئەوەی بە تایبەت بۆ کردەوەی دڕندانە ئەرکدار کرابن، ڕۆژانە فشارەکانیان زیاتر دەکەن.

عارف یڵماز ڕاشیگەیاند، ئەم مانگرتنە ئاسایی نییە و چیتر مانگرتوان ناتوانن لە نێو نوێنەکانی خۆیشیاندا هەستن، لەبەرئەوە داواکارم هەر کەسێک بە هەستیاریەوە لە ڕەوشەکە بڕوانێت .
جێی ئاماژەیە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی HDP لە زیندانی ئەدیرنەیە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان