بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی ٦ی ڕەشەمەی ئەمساڵ کرێکارێکی ئیدارەی کارەبای شاری گێڵانغەرب سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بۆ کۆنتڕۆڵی کارەبای گەرەکی ئازادگان سەرقاڵی ئیشوکار بوو، کارەبا دەیگرێت و بە توندی فڕیدەدات، پاشان ڕەوانە نەخۆشخانەی کرماشان دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتەکە؛ ئەم کرێکارە کارەبای سێفاز گرتویەتی و بە گرانی بریندار بوە، کە بەداخەوە تووشی کێشەی گەورە بووە و ئەگەری گیان لە دەستدانی زۆرە و ئێستا لە کۆمادایە.
کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە، کاربا، سووتیان و کەمی ئۆکسیژێن لە شوێنی ئیشدا، چەند هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی کرێکارانن لە شوینی ئیشوکاردا.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی کێشەی ئابوری و دۆخی دژواری ئیشوکارەوە، بە پێی پێویست گرنگیەکی بە کەرەسەی پاراستنی گیانی کرێکاران نادرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە بەرچاووگرتنی بنەمای پارستنی گیانی کرێکاران لە ئیشگەلێک لە چەشنی بیناسازی، پیشەیی و … دەتوانرێت گیانی کرێکاران بپارێزێت یا لانیکەم ڕووداوی دڵتەزێن و کارەساتساز کەم بکاتەوە.
کەڵکوەرنەگرتن لە کەرەسەگەلی پێویست لە لایەن کرێکارانەوە بوە بە هۆی ئەو کە خاوەنکاران و بەرپرسان، لە کاتی ڕوودانی کارەساتسازدا کرێکاران بە تاوانبار دابنن و هەموو کەموکۆڕیەکان بخەنە ئەستۆی کرێکاران، لە حاڵێکدا کە تاوانی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دۆخی گونجاو و کەرەسەی پێویست لە شوێنی ئیشوکاردا بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران و هەروەها نەبوونی پلانی ژیرانە و پێویست بۆ فێرکردن و بەکارهێنانی کەرەسەی پاراستن و پەرەپێنەدانی کەلتوری بکارهێنانی ئەم کەرەسەگەلە لە لایەن کرێکارانەوە.
نەبوونی پەروەردەی و کەرەسەی پێویست لە جێگای ئیشوکاردا بۆ کرێکاران، بەشگەلێکن کە تا ئێستا هیچ هەوڵێکی کاریگەر و بنەڕەتی بۆ بنبڕکردن و یان کەمکردنەوەی ئەم کەموکۆڕیانە لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بۆ کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نەرداوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان