درێژەی دەستبەسەریەکان لە باکووری کوردستان

درێژەی دەستبەسەریەکان لە باکووری کوردستان

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، ٦‌ی ڕێبەندان زەینەب ئۆزۆن و یۆنس ئۆرەک هاوسەرۆکانی شارەوانی شارۆچکەی” قەڵاباشی” سەر بە شاری شڕناخ لە باکووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستبەسەر کران.

جێگای ئاماژەیە هاوسەرۆکان پاش گەمارۆی شارەوانی لە لایەن پۆلیسی تورکەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی هەواڵێکی دیکە لە ٥‌ی ڕێبەنداندا محەمەد عەلی‌تونج ، هاوسەرۆکی شارەوانی بێگری و شەش کەسی دیکە بە پێی بڕیاری دادگا ڕەوانەی بەندیخانە کران.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە پۆلیسی تورک لە چەند مانگی ڕابردوودا ۱۷ ئەندامی دیکەی شارەوانی “بێگری” سەر بە شاری وان لە باکووری کوردستان دەستبەسەر و ڕەوانەی دادگای کردون.
ئەم لە کاتێکدایە کە ٤ی ڕێبەندان دادگا بەڕێوەچوو و دۆگان باشاک ، پاهایش کاراگۆلە ، خەلیل ئیبراهیم ، ملیهان ئاککۆش، ئەرجان دیلماش ، فەرمانبەرانی شارەوانی وان بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
محەمەد کاپڵان هاوسەرۆکی (DBP) و محەمەد عەلی تۆنج هاوسەرۆکی شارەوانی بێگری بە بڕیاری دادگا و سزای زیندان ڕەوانەی زیندان کران.

جێگای باسە کە کودتای سیاسی (AKP) دژی گەلی کورد لە باکووری کوردستان هەنۆکەیش بەردەوامە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان