داواکاری گشتی حکومەتی تورکیا داوای ١٣٥ ساڵ زیندانی بۆ سەباحەت تونجەل دەکات

داواکاری گشتی حکومەتی تورکیا داوای ١٣٥ ساڵ زیندانی بۆ سەباحەت تونجەل دەکات
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داواکاری گشتی دادگای تورکیا تۆمەتنامەی سەباحەت تونجەل-ی، هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان ئامادە کردوە و تێیدا داوای ١٣٥ ساڵ زیندانی بۆ ئەو پارڵمانتار و چالاکە سیاسیەی کوردستان کردوە.

بە پێی هەواڵی ناوەندی هەواڵی رۆژنیوز، دوێنێ، داواکاری گشتی سزای قورسی دادگای تورکیا لە ئامەد پایتهختی کوردستان، راپۆرتی تۆمەتنامەی سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، ئامادەکرد و تێیدا داوای ١٣٥ ساڵ زیندانی بۆ کردوە. لەو تۆمەتنامەدا باس لە بەشداری تونجەل لە ١٦ چالاکیدا لە ساڵی ٢٠١٢وە بۆ ٢٠١٦ کراوە.

داواکاری گشتی بڵاوکردنەوەی راگەیاندنەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و هەروەها بەشداری و ئامادەبوون لە کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات-یشی، وەک بەڵگە بۆ تۆمەتەکانی “ئەندامێتی رێکخستنی قەدەغە و پڕوپاگەندە بۆ رێکخستنی قەدەغە”، راگەیاندووە.

شڤان جەمیل ئۆزەن، یەک لە پارێزەرانی تونجەل سەبارەت بە تۆمەتنامەکە قسەی کردوە و وتویەتی:”ئەو تۆمەتنامەیە هەوڵدانە بۆ تاوانبارکردنی تونجەل و ئێمە ناڕەزایی پێویست پیشاندەدەین”.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان