ئازادی هاوڵاتییەکی خەڵکی شنۆ و گواستنەوەی12 کەسی دیکە بۆ گرتووخانە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

KMMK:

شەممە 2ی ڕەشەمەی2720ی کوردی، ” جەماڵ مەحاڵی(نەهالی)” هاوڵاتی خەڵکی شـنۆ بە دانانی بارمتە لە گرتووخانەی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ئازاد و 12 کەسی دیکە لە هاوڵاتیانی ناوبراو بۆ گرتووخانەیەکی جیاواز بۆ لێپرسینەوە لە ورمێ ڕاگوازران.

بە گوێرەی هەواڵەکە، جەماڵ مەحاڵی کە ڕۆژی10ی ڕێبەندان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو پاش 22 ڕۆژ لێپرسینەوە و ڕاگیران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

هەر بەم پێیە 12 هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی” جوبەڕەئیل شەعبانی، سەلیم شەریفی، سەید نجمەدین حسێنی، شۆڕش بەرهەم، شەفیع شێخە، فەیسەڵ عەلی ئابدی، واحد شێخ محەممەدی، فەدین بایزیدی، غەفوور ئیسپەندا، عەزیز قادر تاج، لوقمان تاهیری و حسێن محەممەد پوور بۆ گرتووخانەیەکی دمەزراوەیەکی ئەمینی سپای پاسداران بۆ لێپرسینەوە ڕاگوازران.

شیاوی باسە هەموو ئەو 13 کەسە دەستبەسەر کراوە خەڵکی شــنۆ لە پارێزگای ورمێ ـن کە بە شێوەی جیاوز و لە شەپۆلی دەستبەسەر کردنە بەربڵاوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ـەوە دەستبەسەر کرابوون.

جێی ئاماژەیە کە ئەم 13 هاوڵاتییە بە تۆمەتی هاریکاری حیزبە کوردییەکانی ئوپوزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان