گواستنەوی دوو چالاکی مەدەنی بۆ زیندان و ئازادی مستەفا ئیلخانیزادە

KMMK:

بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان، ئیمان عەبدی و ئەفشین مام ئەحمەدی دوو چالاکی مەدەنی بۆ زیندانی ئێران لە ورمێ گوازراونەتەوە.

هەروەها مستەفا ئیلخانیزادە نووسەری بۆکانی لە زیندان ئازاد کراوە.

سێشەممە 28ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، دوو چالاکی مەدەنی بە ناوەکانی، ئەفشین مام ئەحمەدی وئیمان عەبدی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ بۆ زیندانی حکوومەت لەو شارە ڕاگوازراون.

ئەفشین وئیمان ڕێکەوتی 20ی بەفرانباری ئەمساڵ هاوکات لە گەڵ شەپۆلی بەرینی دەستبەسەری چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕێژەیان بە115 کەس گەیشتووە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە شاری ورمێ دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەلمێهدی ئەو دامەزراوە ئەمنییە لە ومێ ڕاگوازران.

بە پێی زانیارییەکان، لقی شەشی بازپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە ورمێ بڕیاری دەستبەسەری ئەم دوو چالاکە مەدەنییەی درێژ و ڕێگری لە ئازادی ئەوان بە شێوەی کاتی کردووە.

شیاوی باسە کە ئەم دوو هاوڵاتییەـیش هەنووکە لە بەندی کەرەنتینەی زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ لە زینداندان.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە پێنجشەممە 30ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، مستەفا ئیلخانیزادە، نووسەر و سەرنووسەری دامەزراوەی کەلتووری فێرکاری ” ئەدەب” لە شاری بۆکان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی حکوومەتی ئێران لەو شاره ئازاد کروە.

مستەفا ئیاخانیزادە ـیش 7ی ڕێبەندانی ئەمساڵ له ڕەوتی شەپۆلی دەستبەسەری هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بۆ زیندانی حکوومەت لە بۆکان ڕاگوازراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان