ورمێ؛ سەپاندنی دووهەمین حوکمی ئێعدام بەسەر زیندانی سیاسی شاکر بێهروزی ـیدا

KMMK:

شەممە 6ی بەفرانباری 2720ی کوردی، زیندانییەکی سیاسی بە ناونیشانی شاکر بێهروزی، کوڕی سەلیم، 32ساڵ تەمەن و خەڵکی ناوچەی دیزەجی مەرگەوەر سەر بە شاری ورمێ لە لایەن لقی دادگای سزاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو کە پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە دۆسیەیەکی نوێ لە لقی یەکی دادگای سزاکان تایبەت بە میرمنداڵان بە ئێعدام مەحکووم کرا.

دادگا ئەم حوکمەی بە تۆمەتی” کوشتنی بە ئەنقەستی یەکێ لە ئەندامانی سپای پاسداران بە سەریدا سەپاندووە.

ئەمە دووهەمین حوکمی ئێعدامە کە بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییەی خەڵکی دیزەجی مەرگەوردا دەسەپێ و پێشتر ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شــێخلوو بە تۆمەتی” بەغی و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو، ڕێوڕەسمی دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە بە ئامادەبوونی ناوبراو و سکاڵاکەرانی دۆسیەکەی بەڕێوە چووە و سەرەڕای ئەوەی 12 هاوڵاتی خەڵکی دیزەجی مەرگەوەر ئامادە بوون شایەتی بدەن کە شاکر بێهرووزی لە کاتی هاتنە ئارای ئەو کوشتنە لە دوکانێکدا بووە لە دیزەج، بەڵام دادگا ڕێگری لە ئامادەبوونی ئەوان کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامە لە ماوەی ڕاگیرانی لە زیندان بە تۆمەتگەلی” هاتنی نایاسایی بۆ وڵات لە سنوورە ڕێگەپێنەدراوەکان، ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە لقی دووی دادگای سزاکان بە تایبەت مێرمنداڵان، لقی 114ی دادگای دوو سزاکانی کۆماگای بەهەشتی حکوومەت لە ورمێ مەحاکمە کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە گەلاوێژی ئەمساڵ لە لقی دووی دادگای ئینقلابی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بە سەرۆکایەتی شــێخلوو بە تۆمەتی” بەغی و ئەندامەتی لە حیزبلکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران محاکمە و ڕۆژی پێنجشەممە بیستی خەرمانان سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی بە تۆمەتی” ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەت ئێران لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

شاکر بێهرووزی ساڵی 2718ی کوردی، ببوو بە ئەندامی حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و گەلاوێژی هەمان ساڵ بە وەرگرتنی ئەمان نامە بۆ ئێران گەڕابوویەوە.

ناوبراو پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ورمێ ناساندبوو و پاش 14 ڕۆژ لێپێچینەو ئازاد کرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەنوێ 21ی ڕەشەمەی 2718ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش ساڵێک و نۆ ڕۆژ دەستبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمێهدی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەت لەو شاره ڕاگوازرابوو.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 42 هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێعدامیان بەسەردا سەپێنراوە. کۆمەڵەی

مافی مرۆڤی کوردســتان