سەقز; سەپاندنی حوکمی زیندان بە سەر پێنج هاوڵاتـــیدا

KMMK:

پێنجشەممە 4ی بەفرانباری 2720ی کوردی، پێنج هاوڵاتی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی” عەلی قادری، ئارمیا(ئەیووب) ڕەنجبەری، وریا ئەمینی، ڕەحمان ڕەحیم پوور و هیوا(ئارمان)ئەمینی” لە لایەن دادگای ئینقلابی هەمان شار بە زیندان مەحکووم کران.

بە گوێرەی هەواڵەکە, دادگای لێکۆڵەری تۆمەتی ناوبراوان ڕێکەوتی 12ی سەرماوەز، لە لقی یەکی ئینقلابی حکوومەت لە سەقز بەڕێوەچوو و ڕێکەوتی 19ی ئەو مانگە حوکمەکانی سەپاند.

بە پێی حوکمی سەپێنراو ئەم هاوڵاتیانە سەرجەم بە 4 ساڵ و یازدە مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون کە بەم شێوەی خوارەوەیە; عەلی قادری بە تۆمەتی” پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات” 7 مانگ زیندانی تەعزیری، هیوا(ئارمان) ئەمینی10 مانگ زیندانی تەعزیری، وریا ئەمینی8 مانگ زیندانی تەعزیری، ڕەحمان ڕەحیم پوور10 مانگ زیندان تەعزیری، ئارمیا(ئەیووب) ڕەنجبەری ـیش بە تۆمەتی ” پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات و سووکایەتی بە ڕێبەر” بە 23 مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

شیاوی باسە کە، ئەم هاوڵاتیانە لە گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت دەستبەسەر و نێزیک بە مانگێک دواتر واتە خەرمانان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ســنە بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

عەلی قادری، هێمن کەریمی، ئارمیا ڕەنجبەری، هیوا ئەمینی و وریا ئەمینی لە ڕێکەوتی 15ی گەلاوێژی 2720ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە راگوازران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان