سنه؛ بانگهێشتی هاوڵاتیەک بۆ دادسەرا بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی زندان

KMMK:

ڕۆژی چوارشەممە 26ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، کامەران ساختمانگەر لە بانگهێشت نامەیەکدا بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی حکوومەت لە شاری سنه بانگهێشت کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، لەم چالاکە کرێکارییە داواکراوە لە ماوەی دە ڕۆژدا خۆی بەو بەشەی دادگا بناسێنێ.

شیاوی باسە ناوبراو پێشووتر بە 6 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە وەکوو خۆی پەسەند کرا و لەم ڕێژەیە 5 ساڵ زیندان وەکوو سزای قورس دەبێ جێبەجێ بکرێت.

جێی بیرهێنانەوەیە ئەم چالاکە کرێکارییە کە 55 ساڵی تەمەنە ڕێکەوتی 14ی خەرمانانی 2719ی کوردی، له لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە لە شاری ســنە دەستبەسەر و ڕێکەوتی 11ی ڕەزبەری هەمان ساڵ پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەت لە شاری ســنە ڕاگوازرا.

ناوبراو بە تۆمەتی” ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری حکوومەت و پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان