KMMK:
هه‌ینی 21ی سەرماوەزی 2720ی کوردی له چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ی باشووری کوردستان خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو.
هێزه ئه‌منییه‌كان به زه‌بری هێزهه‌وڵی بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌رانیان داوە و و تا ئێستا چه‌ندین چالاكی مه‌ده‌نی و رێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستگیر كراون. خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی هاوڵاتیان له هه‌رێمی كوردستان دژی نادادپه‌روه‌ری و گه‌نده‌ڵی، دواکەوتن و لێبڕینی مووچە و نه‌بوونی هەلی کار و خزمەتگوزاری بەردەوام بووە و هاوڵاتیان زۆر تووڕه‌ن له حیزبەکانی ده‌سه‌ڵات و حیزبه ئۆپۆزسیۆنیەکان و داواکاری گۆڕانکاری ریشەی و جددین لە بواری سیستەمی دەسەڵاتداری و خزمەتگویاریدا.
له شاری سلێمانی
له نزیک بینای پارێزگه‌ی سلێمانی خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو. هێزه ئه‌منییه‌كان به بڕیاری لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی له شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ناو شاری سلێمانی بڵاوكراونه‌ته‌وه بۆ ڕێگری كردن له خۆپیشاندانی خەڵک. بە پێی زانیاری گەیشتوو چه‌ندین ڕێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستگیر كراون. له‌وانه؛ عه‌بدوڵای مه‌لا نووری، شێركۆ حه‌مه ئه‌مین و په‌یمان عێزه‌دین په‌رله‌مانتارانی پێشووی كوردستان. هه‌روه‌ها عه‌زیز ڕه‌ئووف مامۆستای زانكۆ و عوسمان گوڵپی سیاسه‌تمه‌دار و چه‌ندین چالاک و خۆپیشانده‌ری دیكه ده‌ستگیركراون و تا ئێستا بێسه‌روشوێنن. هاوكات له كاتی ڕووماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كه، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی كارزان تارق و تیمی كه‌ناڵی «ئه‌لعراقیه» له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان دەستبەسەر كران. له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی خۆپیشاندانه‌كان، بازگه‌كانی شاری سلێمانی داخران و ڕێگه به کەس نه‌دراوە بچنه ناو شاره‌كه.
له بازگه‌ی سماقووڵیی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی، ڕێگری له په‌رله‌مانتارانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، دابان محه‌مه‌د و جه‌لال محه‌مه‌د كرا به‌مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له خۆپیشاندانه‌كه بچنه سلێمانی. خۆپیشانده‌رانی سلێمانی درووشمه‌كانی «بڕووخێ دز»، «ئه‌ندازیاری تاڵانی؛ بارزانی و تاڵه‌بانی» و «ئازادی – ئازادی»-یان ده‌گوته‌وه. هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ر زوو به ته‌قه‌كردن، به‌كارهێنانی گازی فرمێسك‌ڕێژ و ده‌ستگیركردنی چه‌ندین خۆپیشانده‌ر هه‌وڵی سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌رانیان دا.
هاوكات له شاری كه‌لار-ی سه‌ربه ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ره‌ڕای میلیتاریزه‌كردنی شاره‌كه خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چووە. هێزه ئه‌منییه‌كان به‌تووندی هێرشیان كرده سه‌ر خۆپیشانده‌ران و ویستیان بڵاوه‌یان پێ بكه‌ن. به‌و هۆیه‌وه چه‌ندین منداڵ و گه‌نجی خۆپیشانده‌ر بریندار بوون. له شاری ڕانیه‌ی پارێزگه‌ی سلێمانی هاوڵاتیان، فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان درێژه‌یان به خۆپیشاندانی ڕۆژانی ڕابردوو داوە.
له شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هەڕێمی کوردستان
چەندین ڕۆژه هێزی ئه‌منی به جلوبه‌رگی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی له چه‌ندین شوێن بڵاوكراونه‌ته‌وه بۆ ڕێگرتن له خۆپیشاندان. ئه‌مڕۆ چه‌ند كه‌سێک له به‌رده‌م قه‌ڵای هه‌ولێر هه‌وڵی خۆپیشاندانیان دا، به‌ڵام ده‌موده‌ست له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیر كراون. خۆپیشاندانه‌كان تا ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕاپۆرته له چه‌ندین شار و شارۆچكه به‌رده‌وامن. شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان میلیتاریزه كراون و حكوومه‌ت به بڵاوكردنه‌وه‌ی هێز، ماوه ماوه ڕاگرتنی ئینته‌رنێت و ڕێگری له میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن هه‌وڵی دامركاندنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌دات.
له ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا تا ئێستا نزیكه‌ی ١٠ خۆپیشانده‌ر كه به‌شێكیان منداڵن له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان كوژراون، ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون یان ده‌ستگیر كراون. خۆپیشانده‌رانیش چه‌ندین بنكه‌ی حیزبه‌كان و فه‌رمانگه حكوومییه‌كانیان سووتاندووه. كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌ت له جیاتی ئه‌وه‌ی به جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كان شه‌قام ئارام بكه‌نه‌وه، دۆخێكی نائاساییان ڕاگه‌یاندووه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به زه‌بری هێز ناڕه‌زایه‌تییه‌كان سه‌ركوت بكه‌ن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان