دەی دیسەمبەر رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ/ دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان

KMMK:

جاڕنامەی نێونەیەوەیی مافی مرۆڤ رادەگەیەنێت کە هەموو مرۆڤەکان دەبێت خاوەنی مافگەلێگ وەک ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان بە هەر چەشنە رەنگ و نەتەوەیەک، یەکسانی رەگەزی مافی ئازادی بیرکردنەوە، مافی ئازادی رادەربڕین، مافی هەڵبژاردنی ئایین بن. هەروەها ئەم جاڕنامەیە قەدەغەی ئەشکەنجە، نەمانی بەکۆیلە گرتنی کردوە.

حکومەتی ئێران لە ساڵی لە ساڵی 2648ی کوردیەوە ئەم جاڕنامەیەی وەرگرتوە و دانی پێدا ناوە؛ حکوومەتی ئەوکاتەی ئێران لە مانگی گوڵانی 2375 ئەم جاڕنامەیەی خستە بەردەم پارلەمان و بەم شێوەیە پێگەی یاسایی پێ بەخشی و خۆی لەوبارەوە بە ئەرکدار ناساند.

پاش تێپەڕینی چەندین دەیە لە واژوی ئەم جاڕنامەیە، شارۆمەندانی نیشتەجێ لە جوگرافیای سیاسی ئێستای ئێران و بە تایبەت شارۆمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە شێوەی سیستەمی و بەردەوام مافیان لە ژێر پێ دەنرێت.

لەسەرەتای ساڵی 2020ی زاینیەوە تا ئێستا 38 شارۆمەند لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 424 چالاکی سیاسی، ژینگەیی، ئاینی، کلتووری و کرێکاری لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. بە هۆی بێ پیشەیی و نەبونی پارستنی پیشەیی و روو خستن لە پیشەی کۆڵبەری 177 دیاردەی پێشێلکاری مافی کۆڵبەران « کوشتن، بریندار کردن، گیان لەدەستدان بە هۆی هەلومەرجی کاریەوە و …» بەدی کراوە.

نزیک لە 71 شارۆمەندی کورد بە هۆی نەبوونی یاسای بەرگری لە ژنان بە شێوەی خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە و ژیانیان لەدەست داوە.

دەیان دیاردەی پێشێلکاری مافی شارۆمەندانی کورد لە بەندیخانەکان بەدی کراوە، شایانی باسە کە ئەمساڵ هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ هەڵکشاندنی زەخت بۆ نەتەوەکانی ژێر دەسەڵات و هەڵاوردەیی چەند قات بوەتەوە.

لە راگەیاندنە فەرمیەکان و لە زاری پیاوانی حکوومەت بێڕێزی و شکاندنەوەیی نەتەوەگەلی کورد، بەلوچ و عەرەب و … بەدی دەکرێت.

مافی پەروەردە و زمانی دایکی، مافی بەشدار بوون لە بەڕێوەبەری و سەرکردایەتی وڵات، خۆبەڕێوە بەری و مافی هەڵبژاردنی چارەنووسیان لەلایەن سیستەمی داپڵۆسێنەری لەسەرکار واتە کۆماری ئیسلامی ئێران بە چڕی لەژێر پێ دەنرێت.

رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمساڵیش بۆ جارێکیتر حکوومەتی ئێرانی بە هۆی پێشێلکاری بەرچاوی مافی مرۆڤ بە تاوانبار ناسی و چالاکی وەفدی تایبەتی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێرانی درێژ کردەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وەک ناوەندێکی پێشڕەو لە پارێزگاری لە مافی مرۆڤایەتی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، سەرەڕای رێزنان رۆژی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و سەرەڕای پیرۆزبایی کردن لە هەموو چالاکان و تێکۆشەرانی ئەم گۆڕەپانە و هەموو بەندکراوانی سیاسی و خەساربەرکەوتوانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانیان، بۆ جارێکیتر لەم رۆژەدا داوا لە رێکخراوگەل و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و هەموو وڵاتانی دێموکرات دەکەین کە کۆماری ئیسلامئ ئێران بە سەختی بخەنە ژێر گوشار تا ئەم جاڕنامەیە و ئەم دەستکەوتە گرنگە شارستانیەتەی مرۆڤ بە چاوی رێزەوە لێبڕوانن و بە بەڕێوەبردنی بنەڕەت و بەشەکانی، رێز لە مافی مرۆڤایەتی هەموو نەتەوەکان و ئایین و تاکێک بگرێت و ئەم جاڕنامەیە بەڕێوە ببات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان