گواستنەوەی 3 هاوڵاتی دەستبەسەرکراو لە مەریوانەوە بۆ ســنە

KMMK:

هەینی30ی خەزەڵوەری2720ی کوردی، 3 هاوڵاتی بە ناوەکانی عەتا فەتاحی، هادی ڕەسایی و سەڵاح پوورکەیوان کە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوون بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی حکوومەت لە شاری ســنە گوازرانەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم هاوڵاتیانە بە هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردییە ئوپوزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران تاوانبار کراون.

شیاوی باسە کە، هادی ڕەسایی و سەلاح پوورکەیوان ڕێکەوتی 21ی خەزەڵوەر و عەتا فەتاحی ڕێکەوتی 6ی خەزەڵوەر بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوون.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە سەرجەم 232 هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردســتان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان