چەنگیز قەدەم خەیری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا

KMMK:

سێشەممە27ی خەزەڵوەر2720ی کوردێ،” چەنگیز قەدەم خەیری” زیندانی سیاسی لە زیندانی مەسجد سلێمانی حکوومەت لە شاری ئەهواز بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: چەنگیز قەدەم خەیری کە لە کاتی دەستبەسەریدا بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک گورچیلەکانی لە دەست دابوو و بەهۆی چڵک و کێم و خوێن بەربوون لە گورچیلەکەی دیکەی لە دۆخێکی نالەباردا بووە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بە بیانووی گواستنەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئەهواز، لە زیندانی مەسجد سلێمانەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

چەنگیز قەدەم خەیری زیندانی سیاسی کورد هەشتەمین ساڵ لە حوکمی 40 ساڵەی مەحکووم بوونی تێپەڕ دەکات.

ناوبراو لە سەرماوەزی ساڵی 2719ی کوردی، له ناڕەزایی بەرانبەر بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و لە 14ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە هۆی دژایەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە کامێران لە گەڵ مەرەخەسی دا دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

ئەم زیندانییە سیاسییە هاوڕێ لە گەڵ سێ کەسی دیکە لە خەرمانانی 2712ی کوردی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە شاری سنە دادگایی کرا.

لە کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی چەنگیز قەدەم خەیری بە تۆمەتی” محاربە لە ڕێی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە” بە چل ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی مەسجد سلێمانی حکوومەت لە ئەهواز مەحکووم کرا.

لە کۆتاییدا ناوبراو لە ساڵی 2713ی کوردی لە زیندانی حکوومەت لە سنە بۆ ئەهواز ڕاگوازرا. ناوبراو دوابەدوای تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا فیشەکێک بەر گورچیلەی کەوتبوو دەستبەسەر کرا.

چەنگیز قەدەم خەیری خەڵکی گوندی”هنیمەن”ی سەر بە شاری کامێران لە جۆزەردانی ساڵی 2710ی کوردی دەستبەسەر کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان