گواستنەوەی زەینەب جەلالیان بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە یەزد

KMMK:

زیندانی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان بۆ زیندانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەزد گوازرایەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەینەب جەلالیان ڕۆژی چوارشەممە20ی خەزەڵوەر لە پێوەندییەکی تلەفوونی دوو خولەکی لە گەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاند کە بۆ زیندانی یەزد ڕاگوازراوە.

عەلی جەلالیان باوکی زەینەب جەلالیان لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕادیۆ فەردا ڕایگەیاند: زەینەب جەلالیان ڕۆژی دووشەممە لە زیندانی حکوومەت لە کرماشان پێوەندی لە گەڵمان گرتووە ول دوای ئەوە ئاگاداری شوێنی ڕاگیرانی نین.

هەر لەم پێوەندییەدا و بە پێی وتەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە؛ ڕۆژی 19ی خەزەڵوەر لە لایەن بازڕەسی ئەمنییەتی دۆسیەکەیەوە با زەینەب جەلالیان ڕاگەیەندرابوو کە دەگوازرێتەوە بۆ ورمێ بەڵام لە کاتی گواستنەوە زەینەب جەلالیان تێدەگات کە ماشین بەرەو شارێکی دیکە دەڕوات، ناڕەزایی دەربڕیووە و هەر بەم بۆنەوە ئەو هێزانەی ڕایان دەگواست هێرشیان کردۆتە سەری و لێیان داوە و بێڕێزیان پێکردووە.

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە زندانی تاهەتایی کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک) ماوەی پتر لە 13 ساڵە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خولی زیندانییەکەی لە زیندانی حکوومەت لە شارەکانی خۆی، ورمێ، کرماشان، ئێڤین، ڕەجایی شار و هەنووکەیش یەزد تێدەپەڕێنێ لە نەخۆشی ناخونەکی چاو ئازار دەچێژێ، ناوبراو لە ماوەی ئەو ماوەیەی لە زیندان بووە لە مافی هەبوونی مەرەخسی تا ئەم کاتە بێبەری ـیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان